ئازادی و مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی: ئەگەر زیندانیکراوانی بادینان ئازادنەکرێن داوای یاسایی لە دادگای نێودەوڵەتی تۆماردەکەین

  2021-05-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕێکخراوی ئازادی و مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستانی-عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت، چەندین تێبینیمان داوەتە هەرێم و روونمانکردووەتەوە دادگایی کردنی زیندانیکراوانی بادینان دادپەروەرانە نەبووە، دەشڵێن، "ئەگەر زیندانیکراوانی بادینان ئازادنەکرێن داوای یاسایی لە دادگای نێودەوڵەتی تۆماردەکەین."

ڕێکخراوی ئازادی و مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستانی-عێراق راگەیاندراوێکی لەبارەی سەپاندنی سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر زینداینکراوانی بادیناندا بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، بەوردی چاودێری دادگایکردنی ئەو پێنج رۆژنامەنووسەیان کردووە.

ئەو رێکخراوە دەشڵێن، لەبارەی دادگاییکردنی ئەو پێنج رۆژنامەنووس و چالاکوانە مەدەنییانە بە ناوەکانی (شێروان شێروانی - شڤان سەعید - ئەیاز کەریم - مەریوان عیسا-  گوهدار زێباری) چەندین تێبینیمان داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و رونمان کردووەتەوە کە دادگاییکردنەکە دادپەروەرانە نەبووە.

ئەوەش هاتووە، لەکاتی وەرگرتنی وتەی راگیراوەکاندا پارێزەریان نەبووە و بەشێوازێکی نەشیاو مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە بەزۆر ئیمزایان پێکراوە.

لە راگەیاندراوی رێکخراوی ئازادی و مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستانی-عێراق ئەوەش خراوەتەڕوو، هەربەپێی یاسا تۆمەتبار دەبێت لە شوێنی ئەنجامدانی کارەکەی دادگای بکرێت بەڵام ئەوان گواستراونەتەوە بۆ دادگای هەولێر و ئەمەش بەمەبەستی سزادانیان و لەکاتی دادگاییکردنەکەدا راگیراوەکان نەیان توانیوە تانە بدەن و باسی ئەوەشیانکردووە کە لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانیان پێکراوە،  جگەلەوەی شوێنی زیندانیکردنیان گونجاو نەبووە، هەربۆیە مانگرتنیان راگەیاندووە.

هاوکات، ڕیکخراوی ئازادی و مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی داوای "ئازادکردن و قەرەبووکردنەوەی ماوەی راگرتنیان بە 'نایاسایی' دەکات" لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە داوای لێکۆلینەوی خێرا دەکەن لە (دادگاییکردنیان، گواستنەوەیان بۆ شارێکی دیکە، هێشتنەوەیان لە شوێنی نەگونجاو و ئەشکەنجەدانیان لەکاتی لێکۆڵینەوەدا).

راشیانگەیاندووە، "ئەمە لەکاتێکدایە خەڵکی کوردستان دەیەوێت هەمیشە پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت و لەنێو ململانێ هەرێمی و ناوچەییەکاندا بیپارێزن، ناکرێت نوێنەرایەتی وڵاتانی پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بخرێنە نێو ململانێ ناوخۆییەکان و لە هەندێک دۆسیەوە تێوەبگلێندرێن، کە پاڵپشتییەکانمان کەمببنەوە بۆ هەرێمی کوردستان."

ئو رێکخراوە دەشڵێن، لەئەگەری ئازادنەکردنیاندا داوای یاسایی لە دادگای نێودەولەتی تۆماردەکەن، وەک فشارخستنەسەر دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان-عیراق."

داواش لە کونسوڵخانەکان دەکەن، کە پێدانی ڤیزا بە کەسانی بەشدار لە دادگاییکردنەکە رابگرن.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێری بۆ پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان پەسەندكرد و سزای شەش ساڵ زیندانيكردنیان بەسەردا درا .

نزیک بە حەوت مانگ دەبێت چەند رۆژنامەنوس و چالاکوانێکی مەدەنی لە بادینان دەستبەسەرکران و لە شوباتی ئەمساڵیشدا، دادگای تاوانەکانی هەولێر پێنجیانی دادگاییکرد و سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەوان دەرکرد.



ڕیکلام