‏بەریتانیاش لەسەر کەیسی زیندانیکراوانی بادینان هاتە دەنگ

  2021-05-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان دەربارەی کەیسی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی بادینان ڕایگەیاند، کۆبوونەوە لەگەل دیپلۆماتکار تاوان نییە.

لە توێتیکدا کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەریتانیا ئاگاداری بڕیاری دادگای تێھەڵچوونەوەی ھەرێمی کوردستانی عێراقە، لە کەیسی پێنج ڕۆژنامەوان و چاڵاكوانەكان، كە لە ٦ی ئایاری ٢٠٢١ ڕاگەیاندرا.

کونسوڵخانەکە وتوویەتی "نیگەرانین لە واووتنەکان دەربارەی کەموكوڕیەکانی کە ڕوویانداوە لە ماوەی دەستبەسەرکردن و پرۆسەی دادگاییکردنی پەیوەست بەم کەیسە" .

لە بەشێکی دیکەی تویتەکەی کونسوڵخانەی بەریتانیا ئاماژە بەوە کراوە، لە پەڕاوی دادگا باسی کۆبوونەوە لەگەڵ کونسوڵخانەی ووڵاتان کراوە، کە جێگەی سەرسوڕمانە، کۆبوونەوە لەگەڵ دیپلۆماتە بیانیەکان تاوان نیە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەختکراوەتەوە لەوەی، بەریتانیا داوای پابەندبوون و بەدواداچوونی وورد دەکات بۆ ئەم کەیسە و سەروەری یاسا لە ھەرێمی کوردستانی عێراق، کە ھەروەک لەتەواوی جیھان پەیڕەوکراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ ڕێکخراوی ئازادی و مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستانی-عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت، چەندین تێبینیمان داوەتە هەرێم و روونمانکردووەتەوە دادگایی کردنی زیندانیکراوانی بادینان دادپەروەرانە نەبووە، دەشڵێن، "ئەگەر زیندانیکراوانی بادینان ئازادنەکرێن داوای یاسایی لە دادگای نێودەوڵەتی تۆماردەکەین."

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێری بۆ پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان پەسەندكرد و سزای شەش ساڵ زیندانيكردنیان بەسەردا درا .

نزیک بە حەوت مانگ دەبێت چەند رۆژنامەنوس و چالاکوانێکی مەدەنی لە بادینان دەستبەسەرکران و لە شوباتی ئەمساڵیشدا، دادگای تاوانەکانی هەولێر پێنجیانی دادگاییکرد و سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەوان دەرکرد.



ڕیکلام