هەپەگە: دوو هەلیکۆپتەری تورکیامان پێکاوە و 22 سەربازیش کوژراون

  2020-06-20  | 
چەند گەریلایەکی هەپەگە
ئەرشیڤ
دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، لەمیانی شەڕ و پێکدادانەکانیان لەگەڵ سوپای تورکیا لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان، دوو هەلیکۆپتەری تورکیایان پێکاوە و ٢٢ سەربازی ئەو وڵاتەشیان کوشتووە .

ناوەندی ڕاگەیاندنی و چاپەمەنی هەپەگە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی ئەم مانگەدا هێزەکانیان لە ناوچەی هەفتانین چەند چالاکییەکیان لەدژی یەکەیەکی سوپای تورکیا ئەنجامداوە، لەو چالاکیانەدا تەقەمەنیی و چەکی سووک بەکارهاتووە و لە ئەنجامدا ١١ سەربازی تورکیا کوژراون .

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر دوێنێ هەینی ١٩ی ٦ی ٢٠٢٠، گەریلاکانی هەپەگە لە هەفتانین یەکەیەکی دیکەی سوپای تورکیایان لە نزیکەوە کردووەتە ئامانج، کە هەوڵیانداوە بەرەو گردی گەسرۆک بچن، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەشدا ١١ سەربازی دیکەی تورکیا کوژراون .

ئاشکراشیکردووە کە لەو چالاکیانەدا گەریلایەکیان بەناوی ئامارا شەهیدبووە .

هەربەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە، لەدوای ئەو چالاکیانە هەلیکۆپتەرەکانی سوپای تورکیا ناوچەکەیان بۆردوومان کردووە، بەڵام لەلایەن گەریلاکانەوە گورزیان لێدراوە و هەلیکۆپتەرەکان ناچاربوون لەناوچەکە دووربکەونەوە .

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە هەر دوێنێ ١٩ی حوزەیران، گەریلاکانیان ژمارەیەک سەربازی سوپای تورکیان لە گردێکی ناوچەی هەفتانین گەمارۆداوە و چالاکیان لەدژیان ئەنجامداوە، بەڵام تا ئێستا ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی سوپای تورکیا ڕوون نەبووەتەوە .

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە درەنگانێکی شەوی ڕابردوو هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆردومانی ناوچەی خانتورێ-یان کردووە، گەریلاکانیان گورزیان لە هەلیکۆپتەرەکان وەشاندووە، هاوکات هەلیکۆپتەرێکی دیکەش پێکراوە، کە هەوڵیداوە ئەو ناوچەیە بۆردومان بکات، هێزە تورکیاش ناچاربوون لە ناوچەکە بکشێنەوە.