جارێکی تر نرخی نەوت بەرزبوونەوەی تۆمار کرد

  2021-05-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەراورد بە دوو ڕۆژی ڕابردوو ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاو لە بازارەکانی وزەدا بەرزبوونەوەی تۆمار کرد، بەشێوەیەک لەچاو دوێنێکدا نزیکەی دوو دۆلار زیاتر نرخەکەی بەرزبووەتەوە.

بە گوێرەی داتای بۆرسەکانی جیهان، ئەمڕۆ شەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت گەیشتووەتە ٦٨ دۆلار و ٨٣ سەنت، لە کاتێکدا دوێنی نرخەکەی ٦٦ دۆلار و ٦٧ سەنت مامەڵەی پێوەکرابوو.

هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکاش گەیشتە ٦٥ دۆلار ٥١ سەنت، لە کاتێکدا دوێنێ نرخەکەی ٦٣ دۆلار و ٥٢ سەنت مامەڵەی پێوەکرابوو.

لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت بۆ نزیکەی ٧٠ دۆلار بەرزبووەوە .

شیکەرەوانی دۆخی ئابوری ئاماژە بەوە دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزەدا زیاتریش بەرزبێتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی خواست لەسەر سوتەمەنی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا زیاتر بووە .

لەو چوارچێوەیەشدا چەند ویلایەتێکی ئەمریکا لە ئامادەکاریدان بۆ کەمکردنەوە و سوککردنی کۆتوبەندەکان، کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە سەپێنراون، یەکێتی ئەوروپاش لە ئامادەکاریدایە بۆ پێشوازیکردن لەو گەشتیارە بیانیانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە .

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت بەوپێیەی زۆرینەی داهاتیان پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت .



ڕیکلام