رۆژهەڵاتی کوردستان.. جارێکی تر سەلەفییەکان چەند کەسێکیان بریندارکرد

  2021-05-15  | 
شاری سەقزی سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شەوی ڕابردوو گروپێکی ئیسلامی توندڕەو کە دەوترێت سەر بە سەلەفییەکانن، لە شاری سەقزی سەر بە پارێزگای سنە بە چەقۆ و قەمە هەڵیانکووتاوەتە سەر خەڵکی مەدەنی و چەند کەسێکیان بریندارکردووە.

بەپێی راپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی رابردوو، لە جادەی "مەل قەڕەنی" سەقز گروپێکی سەلەفی بە چەقۆ و قەمە هێرشیان کردووەتە سەر چەند کەسێک و بە سەختی برینداریان کردوون، بەپاساوی ئەوەی کە ئەو چەند کەسە خواردنەوە کحولییەکانیان خواردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، باری تەندروستی یەکێک لە بریندارەکان، بە ناوی هاوڕێ مەلەکی ناجێگیرە و ژیانی لە مەترسیدایە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەر لە ئەنجامی ئەو شەڕە، چەند کەسێک لە سەلەفییەکانیش برینداربوون کە سەرجەمیان لە نەخۆشخانەی خومەینی ئەو شارە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

هەنگاو لەزاری سەرچاویەکی ئاگادار لەو رووداوە بڵاویکردووەتەوە، پاش رووداوەکە، شەوی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی سەقز لە نەخۆشخانەی خومەینی ئەو شارە جێگیرکراون و رێگەیان نەداوە کەس لەگەڵ بریندارەکان چاوپێکەوتنی هەبێت.

ئەو سەرچاوەیە کە لە نزیکەوە رووداوەکەی بینیوە، رایگەیاندووە، "ئەو کەسانە پێشتریش هەڕەشەیان لە من کردووە و وتوویانە کە سەرت لە جەستەت جیادەکەینەوە".

شایەنی باسە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرانبەر حزبە نەتەوەیی، دێموکراسیخواز و سکۆلارەکانی کوردستان بە پشتیوانی بەشێک لە ناوەندە ئەمنییەکان لە شارەکانی رۆژهەڵات، بەردەوام هەوڵی نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێیان داوە بە جۆرێک کە بە ئاشکرا توندوتیژییان بەکارهێناوە، بەڵام دەسەڵات هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە.

لە دواین رووداویشدا، چەند رۆژ پێش ئێستا و لە مانگی رەمەزاندا، لە شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنە، گروپە سەلەفییەکان لە گەڕەکی دارسێرانی ئەو شارە هێرشیان کردە سەر خەڵک و دوو کەسیان بە چەقۆ و قەمە بریندارکرد.



ڕیکلام