چین یەکەم وێنەی هەسارەی مەریخی تایبەت بە خۆی بڵاوکردەوە

  2021-05-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆبۆتە چینیە جێگیرکراوەکەی سەر هەسارەی مەریخ ژمارەیەک وێنەی تایبەتی ناردووە، کە بۆیەکەمجارە وێنەی هەسارەی سور بنێرێت لەوەتەی هەفتەی ڕابردووەوە کە گەیشتووەتە سەر هەسارەکە.

ڕۆبۆتی (چۆرونگ) ڕۆژی شەممەی ڕابردوو گەیشتە بەرگە هەوای هەسارەی مەریخ، کە لەسەر گالیسکەیەک نێشێنرایەوە و بووە یەکەم کەشتی کە لە لایەن حکومەتی چینەوە لەسەر ئەو هەسارەیە جێگیر بکرێت.

گەیشتنی ڕۆبۆتە چینییەکە بۆسەر هەسارەی مەریخ، چەند مانگێک پێشتر ڕۆبۆتی (برسیفیرنس)ی سەربە ئاژانسی بۆشایی ئاسمان ناسراو بە ناسا نیشتەوە.

حکومەتی پەکین ڕوداوەکەی بە وێستگەیەکی گرنگ لە قەڵەمدا، سەبارەت بە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ئاستی هێزە جیهانییەکانی دیکە لەو بوارەدا.

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی چین ڕۆژی چوارشەممە چەند وێنەیەکی گەشتی رۆبۆتی وڵاتەکەی لەسەر مەریخ و خاکی هەسارەکەی بڵاوکردەوە.

بڕیاریشە ڕۆبۆتە چینییەکە بۆ ماوەی ٣ مانگ بەردەوام بیت لە گەڕان و کۆکردنەوەی زانیاری و وێنە لەسەر هەسارەی مەریخ.

هەریەکە لە چین و ڕوسیا و ئەمریکا، بە ملیاران دۆلار لە بواری بۆشایی ئاسماندا خەرجدەکەن.

ساڵی ٢٠٠٣ حکومەتی چین زانایەکی بواری بۆشایی ئاسمانی خۆی بە ناوی (هو یانگ لیووی) ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد، کە توانی بە کەشتییەکەی لە ماوەی ٢١ کاتژمێردا ١٤ جار بە دەوری زەویدا بخولێتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٩شدا چین توانی ڕۆبۆتێک لە بەشی تاریکایی مانگ جێگیر بکات و دواتر ڕۆبۆتەکە چەند نموونەیەکی لە خاکی سەر ئەو بەشەی مانگی هێنایەوە بۆسەر  زەوی.

حکومەتی چین بە نیازە لە ساڵی ٢٠٢٢ دا وێستگەیەکی بۆشایی لە ئاسمان جێگیر بکات، بەوەش دەبێتە سێهەم وڵات لە جیهاندا لە دوای ئەمریکا و روسیا بتوانێت وێستگەی تایبەت بە بۆشایی ئاسمان جێگیر بکات.

چین پلانیشی هەیە لە ماوەی ١٠ ساڵی داهاتوودا کەیشتی ئاوەدان بە مرۆڤ رەوانەی سەر مانگ بکات.

 



ڕیکلام