تورکیا لەگوندی هرورێی سەر بە کانی ماسی قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند

  2021-06-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان، تورکیا لەکاتژمێر ٦ی ئێوارەوە تا ٦ی بەیانی قەدەغەی هاتوچۆی لەگوندی هرورێی سەر بە ناحیەی کانی ماسی راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مێهڤان ئامێدی پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان لە ئامێدی باسی لەوەکرد، تورکیا قەدەغەی هاتوچۆی لەگوندی هرۆرێی سەر بە ناحیەی کانی ماسی قەزای ئامێدی راگەیاندووەو  هەموو جۆرە هاتوچۆیەک لەو گوندەدا قەدەغەیە.

هاوکات، مەحموود کێستەیی دانیشتوویەکی گوندی کێستە بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان ئەوەی خستەڕوو، پاش ئەوەی سەربازەکانی وترکیا هێرش و ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر گوندی هرورێ ئەنجامدا، دواتر بریاری قەدەغەی هاتوچۆی لەکاتژمێر ٦ی ئێوارە بۆ ٦ی بەیانی دەکرد، سەربازانی تورکیاش لەدووری ١٠٠ مەترەوە لە گوندی هرورێ دەبینرێن.

ماوەیەک ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەقوڵایی خاکی هەرێمدا بۆسەر چەکدارانی پەکەکە بە چڕی دەستیپێکردووە و لەماوەی رابردووشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لەوەکردەوە، "ئۆپەراسیۆنەکانمان لەخاکی هەرێمدا بەردەوام دەبێت".

مێهڤان ئامێدی 


ڕیکلام