سۆرانی  |  بادینی  |  English      

هاوپەیمانی فەتح هەڵوێستى لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێم ڕاگەیاند

  2021-06-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فراکسیۆنى هاوپەیمانى فەتح ڕایگەیاند، بڕیارەکەى حکومەتى عێراق بۆ ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان بەبێ پەیوەستبوونى هەرێم بە رێککەوتنەکەیان لەبارەى بودجەوە رەتدەکەینەوە..

فراکسیۆنى هاوپەیمانى فەتح  لە پەرلەمانى عێراق لەبارەى ناردنى ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم  ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، "پێمان سەیرە حکومەتى عێراق بە بێ بوونی هیچ پشتگیرییەکی یاسایی بڕیاریداوە پارە بۆ هەرێم بنێرێت کە ئەمە پێشێلکارییەکی ڕوونی یاساکانە".

ئەوەشی تێداهاتووە "هێشتا هەرێم ئەو بەندانەی جێبەجێنەکردووە کەلە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە و بۆیە ناکرێت بە شێوەی مەقاسە هیچ بڕە پارەیەک بدرێتە هەرێم".

ڕاشیگەیاندووە، "بانگەشە و بیانوی ئەوەی کە ئەو بڕە پارەیە وەک پێشینەیەک دەدرێتە هەرێم تا ئەو کاتەی لیژنەکانی هەردوولا کێشەکان یەکلا دەکەنەوە تەنها بیانووە بۆ پێشێلکردنی یاسا".

ئەو فراکسیۆنە دەشڵێت، " ئەو بڕیارە ڕەتدەکەینەوە و هەموو ڕێگایەکی یاسایی لە دژى حکومەتى عێراق دەگرینەبەر بۆ پاراستنى  سامانی ڕۆڵەکانی عێراق".

ئەمەش لە دوای ئەوە هات ئەمڕۆ حکومەتى عێراق بڕیاریدا بڕی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت و بەڵام ڕاستەوخۆ چەند لایەن و فراکسیۆنێک دژى بڕیارەکە  وەستانەوە.