ئەفغانستان.. تاڵیبان دەیان ناوچەى بەشەڕ کۆنترۆڵکردووە

  2021-06-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شەڕ و پێکدادانەکان لە ئەفغانستان بەردەوامن و تاڵیبان دەیان ناوچەى بەشەڕ کۆنترۆڵکردووە و بەرپرسانی ئەفغانی دەڵێن هێزەکانی ئاسایشی وڵاتەکە بەرپەرچی هەندێک لە پێشڕەوییەکانی تاڵیبانیان داوەتەوە.

دەنگی ئەمریکا بڵاویکردەوە،لە دوای دەستپێکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە ئەفغانستان لە 1 ی مانگی پێنجدا، چەکدارانی تاڵیبان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان فراوانترکردووە، زیاتر لە 60 ناوچەیان کۆنتڕۆڵکردووە و زیانێکی گیانی گەورەشیان لە هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان داوە.

نوێنەری تایبەت و بەڕێوبەری ئەرکی یارمەتییەکان لە ئەفغانستان ( یوناما ) دێبرا لایەنس وتی " زۆربەی ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵکراونەتەوە لە دەوروبەری پایتەختی هەرێمەکانن، ئەمەش ئاماژەیەکە لەسەر ئەوەی تاڵیبان دەیەوێت دوای کشانەوەی تەواوەتی هێزە بیانییەکان سەرجەم ئەو پایتەختانە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە."

لایەنس لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا لە نیویۆرک وتی " دەبێت ڕاستییەکە قبوڵ بکەین، زیادبوونی ململانێکان لە ئەفغانستان مانای زیادبوونی ناسەقامگیرییە لە وڵاتانی دیکەش، بە وڵاتانی دوور و نزیکیشەوە."

کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی زیاتر لەلایەن تاڵیبانەوە ترس و نیگەرانییەکانی زیادکردووە سەبارەت بەوەی تاڵیبان دووبارە فەرمانڕەوایی وڵاتەکە بکاتەوە، لەکاتێکدا ئەمەریکا و هاوپەیمانان وابڕیارە تاوەکو 11 ی مانگی نۆ سەرجەم هێزەکانیان لە ئەفغانستان بکشێننەوە.

ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوامە و لەسەر فەرمانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەڕێوەدەچێت.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێمە کشاندنەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان تەواو دەکەین جگە لەوانەی کە بۆ پاراستنی ئەرکە دیبلۆماتییەکان دەمێننەوە، هەروەها پێش مانگی نۆش تەواو دەبێت."



ڕیکلام