دوای بۆردومانەکەی ئەمریکا نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دانبەخۆدا گرتن دەکات

  2021-06-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە لایەنە پەیوەندارەکان کرد، دانبەخۆیاندا بگرن و دوورکەونەوە لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە، لە پای بۆرودمانەکەی شەوی ڕابردووی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە سنوری سوریا و عێراق.

ستیڤان دیوجاریک وتەبێژ بە ناوی ئەنتۆنیۆ گوتەریس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چاودێری ئەو ڕاپۆرتانەیان کردووە سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە ناوچە سنورییەکانی نێوان سوریا و عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەست بە دوودڵی دەکات، سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزی ئەو ناوچەیە.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیکردەوە، سکرتیری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە لایەنە پەیوەندارەکان دەکات، دانبەخۆیاندا بگرن ڕێگری بکەن لە هەنگاوی ئەوتۆ کە ببێتە زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخەکە و ڕێگری بکات لە هەوڵە دیپلۆماتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ئەنتۆنی بڵینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە مەبەستی دانانی سنورێک بۆ ئاڵۆزییەکان، وڵاتەکەی ڕێوشوێنی پێویست و پێشبینیکراوی گرتووەتە بەر لە کاتی بۆردومانە ئاسمانییەکانی شەوی ڕابردوودا سوریا و عێراق.

ئەمشەویش ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا بڵاویکردەوەن بە تۆپی قورس بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوخۆیی سوریا، کە دەکەوێتە کێڵگەیەکی نەوتی ئەو وڵاتەوە لە لایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە بۆرودمان کراوە، جگە لە سوتاندنی چەند ئوتۆمبێلێک، هیچ ئاماژەیەک نەکراوە بە زیانە گیانییەکانی هێرشەکە.

درەنگانی شەوی رابردوو هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە رێگای فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی ئاسمانی کردە سەر بنکە و بارەگای گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران لە سنوری عێراق و سوریا، بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش هێرشەکە "وەک وەڵامێک بووە بۆ هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەو گروپانە بۆ سەر بەرژەوەندی و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق ".

بەگوێرەی زانیاری میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی بەهۆی هێرشەکانی شەوی رابردووەوە چوار چەکداریی سەر بە حەشدی شەعبی کوژراوە .



ڕیکلام