وەزیری پێشووتری ئیتلاعات: مۆسادی ئیسرائیل دزەی کردووتە ناو کەرتە جیاجیاکانی ئێرانەوە

  2021-06-29  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەلی یونسی وەزیری پێشتووتری ئیتلاعاتی ئێران ڕایگەیاند، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا دەزگای موسادی ئیسرائیل دزەی کردووەتە ناو سەرجەم کەرتە جیاجیاکانی ئێرانەوە، بەشێوەیەک سەرجەم لێپرسراوانی ئێرانی هەست بە دوودڵی دەکەن لەسەر ژیانیان.

لە لێدوانێکی ڤیدیۆییدا بۆ ماڵپەری جەماران کە لەسەر رەوتی ریفۆرمخوازەکان حسابکراوە، یونسی ئاماژەى بەوە کردووە، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئێران، لەبری دۆزینەوەی ئەندامەکانی مۆساد، دەستیانکردووە بە تۆمەتبارکردنی یەکتری.

عەلی یونسی کە لەسەردەمی حکومەتەکەی محەمەد خاتەمی سەرۆکی دەزگای ئیتلاعاتی ئێران بووە ڕایگەیاند، دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیل توانیویەتی چەند گورزێکی کاریگەر لە ئێران بوەشێنێت، ئەوەش وایکردووە ببێتە هەڕەشەی ئاشکرا بۆسەر لێپرسراوانی ئێران.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا یونسی رەخنەی توندی لە دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی گرتووە، کە پێشبڕکێیان لە نێوان یەکتردا، بەشێویەک دروستکردنی دەزگای ئەمنی دیکە، کاریگەریی کردووەتە سەر دەزگای هەواڵگری و لاوازیکردووە.

دووپاتیکردووەتەوە، ئەو دامەزراوە ئەمنیانەی ئێران لەبری ئەوەی قەلاچۆی دزەکردنی ئیسرائیل بکەن بۆ ناو دەزگا جیاجیاکانی دەوڵەت، بەڵام کەوتوونەتە تۆمەتبارکردنی یەکتر و یەکتری کۆنترۆڵ دەکەن، ئەوەش گۆرەپانەکەی کراوە کردووە لەبەردەم دەزگا هەواڵگرییە جیهانییەکاندا.

یونسی جەختیکردەوە، ئێرانییەکان مافی خۆیانە دودڵ بن لە هەر روداویک کە لە وڵاتەکەیاندا ڕوودەدات، داواشی لە دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کرد وازبهێنن لە ململانێ و پێشبڕکێی یەکتر و دژایەتیکردنی دوژمن بکەن کاری لە پێشینەی خۆیان.

ڕوونیشیکردەوە، کاری لە پێشینەی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران لە ئێستادا دژایەتیکردنی ئەو کەسانەیە کە رەخنە دەگرن، نەک دزەکردنەکانی ئیسرائیل بۆ ناوخۆیی وڵاتەکە.

ئەو وتانەی وەزیری پێشووتریی دەزگای ئیتلاعاتی  ئێران لە کاتێکدایە، تاران ئۆباڵی زۆربەی ڕوداوە ئەمنی و کارە تیرۆرییەکانی ناوخۆیی وڵاتەکەی خستووەتە ئەستۆی ئیسرائیل، بە تایبەت تیرۆرکردنی زانا ئەتۆمییەکان و هێرشکردنە سەر دەزگا و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە.



ڕیکلام