ئەڵمانیا بەتەواوی هێزەکانی لە ئەفغانستان کشاندەوە

  2021-06-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ڕایگەیاند وڵاتەکەی کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی لە ئەفغانستان تەواو کردووە، بەمەش کۆتایی بە نزیکەی 20 ساڵی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا هێنا کە شان بە شانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە لەو وڵاتەدا بوون .

دەنگی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئانگرێت کرامپ کارینباوەر وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە " دوای نزیکەی 20 ساڵ مانەوەمان، دوایین سەربازەکانی بۆندسوێر ئەم ئێوارەیە ئەفغانستانیان جێهێشت. ئەوان لە ڕێگادان بەرەو ماڵەوە ."

ناوبراو وتیشی "بەشێکی مێژوویی بەرەو کۆتایی دەچێت، مانەوەمان لە ئەفغانستان بۆندسوێری دروستکرد، لەوێ بۆندسوێر خۆی سەلماند لە شەڕەکاندا ."

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە تویتەر سوپاسی سەرجەم ئەو 150,000 پیاو و ئافرەتەی کرد کە لە ساڵی 2011 ەوە خزمەت دەکەن، وتی دەبێت شانازی بە خزمەتەکانیانەوە بکەن .

هەروەها ستایشی ئەوانەشی کرد کە لەوێ کوژراون یاخود برینداربوون، وتی " ئێوە لەبیر ناکرێن ."

بەگوێرەی سوپای ئەڵمانیا، لە ساڵی 2011 ەوە 59 سەربازی ئەڵمانی لە ئەفغانستان کوژراون .

ئەم کشانەوەیەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە ئەفغانستان دوای ئەوە هات ئەمەریکا بڕیاریدا تاوەکو یانزەی مانگی نۆ سەرجەم هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە .



ڕیکلام