پاسەوانی سنوری عێراق: هێزەکانمان لە پێنج شوێنی ستراتیژی لە سنوری دهۆک جێگیرکراون

  2020-07-02  | 
دهۆک
هێزێکی پاسەوانی سنوری عێراق لە سنورەکانی دهۆک جێگیرکرا
مازن شنگالی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرماندەیەکی هێزی پاسەوانی سنوری عێراق رایگەیاند، هێزەکانیان لە پێنج شوێنی سنوریی ستراتیژی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا جێگیرکراون.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، عەمید دلێر فەرزەندە فەرماندەی هێزی یەکی پاسەوانی سنور لە دهۆک ڕایگەیاند، سوپای تورکیا دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنێکی لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لەنێو خاکی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد، تا ئێستا ۱۲ شوێنی لە سنوری ناحیەکانی دەرکارێ و باتیفا کۆنترۆلکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای هاتنەناوەوەی سوپای تورکیا بۆناو خاکی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق بڕیاریدا بەبڵاوەپێکردنی یەکەیەکی هێزەکانی پاسەوانی سنور لە چەند شوێنێکی ستراتیژی، بۆ ئەوەی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە زیانی زیاتر بە هاوڵاتیان نەگەیەنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا هێزەکانیان لە پێنج شوێنی ستراتیژی لە زنجیرە چیاکانی کێرە و ناوچەکانی قەڵای شابانیە جێگیرکراون.

ئاشکراشیکرد، جێگیرکردنی هێزەکانیان لە سنوری دهۆک، بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بووە، هاوکات لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراقەوە سوپای تورکیا لەو بابەتە ئاگادارکراوەتەوە.

وتیشی، تاوەکو ئێستا سوپای تورکیا بە قوڵایی زیاتر لە ١٥ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

عەمید دلێر فەرزەندە راشیگەیاند، پاش بڵاوبوونەوەی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق لەو ناوچانە، هیچ گەریلایەکی پەکەکە نەبینراوە و ڕێگریشیان لێنەکراوە.

ئەو فەرماندەیەی هێزی پاسەوانی سنوری عێراق راشیگەیاند، کۆنتڕۆڵکردنی ئەو شوێنانە لەلایەن هێزەکانیانەوە دەبێتە هەنگاوێک بۆ ئەوەی چیتر هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە نەبنە قوربانی بۆردومانەکانی تورکیا و بتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانیان.

باسی لەوەش کرد، ئەگەر لە داهاتوودا پێویستی کرد و لەسەروی خۆیانەوە فەرمانیان پێکرا، ئەوان دەتوانن لەسنوری قەزای ئامێدیش هێزەکانیان بجوڵێنن و لەو ناوچانەش جێگیرببن.

ماوەی چەند رۆژێکە هێزێکی پاسەوانی سنوری عێراق لە پارێزگای دهۆک و لەسەر سنورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا جێگیرکراوە و ئەوەش کاردانەوەی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە.

مازن شنگالی - دهۆک



ڕیکلام