تریفەباران لە تابلۆیەکی ستار قادردا

  2021-07-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نووسینی :عومەر سەید

هۆڵەکەت پڕ کردووە لە رەنگ و فیگەر و شیعر، لە هارمۆنییەت و ئیستاتیکا، لە مانگەشەو، لە ریتم و ئیقاعی سرووشت .

عەیامێکە لە نزیکەوە دەتناسم و بە ئەندێشە و خەم و دنیابینیت ئاشنام، بۆیە بڕێک باشتر دەتوانم رۆبچمە خەیاڵ و ناوەخنی تابلۆکانتەوە. لە نێو گشتدا، من لەسەر یەک تابڵۆ دەوەستم. تابلۆیەک هەر لە یەکەم بینینەوە سەرنجی بردم و لەوەش زیاتر، دوواتر وەک پەیکەرێک لەبەردەم شکۆ و قووڵایی بوعد و جوانی خۆیدا رایگرتم. هێندە بۆم سیحرە، بە ئاستێک خەیاڵم دەوروژێنێ کە دەمەوێ بۆ ئەبەد لەبەر چاوانما بێت. گەر تابلۆکانت ناویان هەبوایە، بە خەیاڵی خۆم ئەمەیان ناوی تریفە باران دەبوو. لە نێو شەوێکی تاریک و شینی تۆخدا، تریفە وەک بەفر دەبارێت. وەک میشێل فۆکۆ دەڵێت: "وێنە هەوڵدەدات ئەوە ببەخشێت کە زمان شکستی هێناوە لە بەخشینی، پیوەندی لە نێوان مرۆڤ و شتەکاندا زۆر زیاتر کراوەتر و روونترە ."

کەواتە ئەوەی دەیبینین هەرگیز لەوەدا نیشتەجێ نییە کە دەیڵێن. هەر بۆیە لە بەرامبەر ئەم زمانە خۆڵەمێشی و هەمیشە پڕ گوومان و دووبارەیەدا، هونەری وێنه دەدرەوشێتەوە. قورسی کارەکەی من لێرەوەیە کە بە پێچەوانەوە، گەرەکمە وێنە بگوازمەوە بۆ ناو وشە و زمان .

بەو پێیەی چەقی پانتایی تابلۆکە لە تیشک و رووناکی و سێبەر و تاریکی پێکهاتووە، لە رووی رێبازە هونەرییەکانەوە زیاتر دەکرێ وەک تابلۆیەکی ئینتیباعی پۆلێن بکرێت. هاوشێوەی تابلۆی (شەوێکی رازاوە بە ئەستێرە)ی ڤان کۆخ .

لەبری ئەستێرە، لای ستار، مانگەشەو دەدروشێتەوە، لەبری درەخت کوریژکە و کیژۆڵە هەن لە هەمان فەزای شیندا .

ڤان کۆخ دەڵێ" بە تەواوەتی من هیچ شتێک نازانم، بەڵام بینینی ئەستێرە وام لێدەکات خەون ببینم." لای ستاریش هەست بە هەمان خەون دەکرێت. یان هەست بەو قوڵایی نۆستالۆژیایەی بۆ سروشت و ژیانی رابردووی هەرزەکاری نێو گوند و شەوانی ئەفسونگەرایی مانگەشەو دەکرێت، کە هونەرمەند تیایدا ژیاوە. لە ئێستاشدا لە نێو جەنجاڵی و چراخان و باڵەخانەی بەرزدا نایبینێ و سەرلەنۆێ لە تابلۆیەکدا ئەو خەونە بە با چووە هەڵبزڕکاوانەی دەخوڵقێنێتەوە. لە تابلۆکەوە منیش وەک بینەرێک هەمان خەون و نۆستالۆژیای ئەو دەژێمەوە. وەک چۆن رۆماننوس خالید حوسێنی لە رۆمانی هەزار خۆری درەوشاوەدا، دەمانگێڕێتەوە بۆ مێژوو و جەنگ و ماڵوێرانییەکانی وڵاتەکەی، مانگەشەوی درەوشاوەی ستار قادریش، من دەگێڕێتەوە بۆ رۆژگاری بەر لە ئەنفال، بۆ شەوانی پڕ تریفە و جریوەی ئەستیرە، بۆ دنیای روون و جوان و پڕ ژیانی سادەی گوند، کە ئیتر ئەنفال هەمووی تیرۆر کرد، ئەو سەردەمە مەگەر ئاوا لە خەون و تابلۆیەکی وادا و بە مەجازی بژێینەوە .

فەزا پانتاییەکی گەورەی تابلۆکەی داگیر کردوو، سپەیسێکی قووڵ لە هارمۆنییەتی شین و رەش، لە ناویدا نیوە مانگی کەوانەیی و زیوین، چەشنی درەختی پایز کە گەڵای زەرد دەپڕژێنێ، ئەویش تریفەی زەرد و ئاڵتوونین دەڕێژێت بە فەزا و زەمیندا. پێنج مێردمنداڵ، سێ کوڕ و دوو کچ، لە فیگەری پڕ بزێویی و جووڵەدا، وەک ئەوەی سەما بکەن. بە نەشئەی گەش و سیمای پڕ تریقانەوەی پێکەنینەوە، دەستیان رووە و فەزاکە واڵایە و راوە تریفە دەکەن، وەک کلووە بەفر بە نێو شان و مل و پەنجەکانیاندا دەبارێن و دەبریسکێنەوە. پێنج فیگەری واقعی لە ناو رەنگی تاریک و ساردا، بەسەر زەمینی رەنگی ئاوێتە بە پووشوپەڵاشی راستەقینە.(کە هونەرمەند وەک تەکنیک و ئاوێتەکردنی میتاڵی ناو سروشت بە هونەرەکەی کەڵکی لێبینیوە و جوان تەوزیفی کردووە.) بە جلوبەرگی ئاڵوواڵاوە، لە یەکەم بینیدا، سەرنجت دەبەن و دەبنە چەقی تابلۆکە و لەگەڵ مانگی زیویندا هاوگونجان و هاوسەنگییەک دەبەخشنە هەموو تابلۆکە، ئاوێتە و هاوگوونجاو لەگەڵ پنتی ئێرە و ئەوێی تریفەی رژاوی قوڵایی تاریکی تابلۆکە، کە وەک گوندی دوورە دەستی پڕ چرا دەردەکەون. ئەوەی کۆنتراسە لە تابلۆکەدا، متی سروشت و بزاوتی خێرا و زیندووی فیگەری هەرزەکارەکانە، یان فەزای سارد و تاریک لە لایەک و تریفە و مانگ لە لایەکی ترەوە، بەڵام لە گشتدا هاوسەنگی و هاڕمۆنی هونەرێکی باڵایان ئەفراندووە. هاوشێوەی ئەم تابلۆیە لە نێو دەقدا، راستەوخۆ ئەو دوو نیوە دێڕەی گۆرانت بیردێنێتەوە کە دەڵێ

کانییەکی روونی بەر تریفەی مانگەشەو

لە بنیا بلەرزێت مرواری زیخ و چەو

تەنها هێندە هەیە لە تابلۆکەدا، ئەوەی دەلەرزێ، منداڵەکانە .

یان سەرنجت بۆ لاوکی هەڵەبجەی رەفیق سابیر دەچێت و لە دەروەی دیوە تراژیدیاکەی دەقەکە، هەست دەکەیت ئەم منداڵانەش مانگەشەو دەیانڕفێنێ بەرە و ژیان و بەختەوەری. لایەنێکی تری ئەم تابلۆیە، قەبارەکەیەتی کە لە نێو گەورەیی خویدا داگیرت دەکات. لە پانتاییەکی، سەد و شەست بە سەد و پانزە، سانتیمەتردایە و بە رەنگی زەیتی لەسەر تەختەدار نەخشێنراوە. ماوەتەوە بڵێم بە گوێ گرتن لە سەمفۆنیای، "تیشکی مانگ"ی بتهۆڤن و سەرنجدانە ئەم تابلۆیە، رەنگە نزیک ببیتەوە لەو جوانییەی کە هیچ جوانییەک نییە بگاتە هاوشانی .


ڕیکلام