سۆرانی  |  بادینی  |  English      

بەرهەم ساڵح و بەشار ئەسەد پەیوەندییەکی تەلەفونییان ئەنجامدا

  2021-07-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاند، سەرۆککۆماری عێراق پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا ئەنجامداوە و تیایدا لەبارەی چەند بابەتێکەوە گفتوگۆیانکردووە لەوانەش، "ئاستەنگ و ئاڵنگارییە هاوبەشەکان، بەتایبەتی شەڕی دژی تیرۆر ".

لەراگەیەنندراوێکدا سەرۆکایەتی کۆماری عیراق باسی لەوەکردووە، بەرهەم ساڵح و بەشار ئەسەد لەپەیوەندییە تەلەفونییەکەیاندا، گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بەتایبەتی پرسی شەڕی دژی تیرۆر.

 بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار، "لە درێژەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختکراوەتەوە لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستیی ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی بەرامبەر مەترسییە هاوبەشەکان، بەتایبەتی تیرۆر و بنەبڕکردنی پاشماوەکانی تیرۆر کە دەیانەوێت سەقامگیری و ئاسایشی هەردوو وڵات و ناوچەکە بشێوێنن ".

ئەوەشخراوەتەڕوو، هەردوو سەرۆک جەختیانلەوەکردووەتەوە؛ نابێت رێگە بە گروپە تیرۆریستییەکان بدرێت بۆشاییە ئەمنییەکان بقۆزنەوە "بۆ ئەنجامدانی کارە تاوانکارییەکانیان، چونکە هەردوو گەلی عێراق و سووریا بەدەست کردە مەترسیدارەکانی تیرۆرستانەوە گیرۆدەبوون.