ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكا بڵاویكردەوە، ئەو ئاگركەوتنەوە و ڕوداوەی هەفتەی رابردوو لە بنكەی ئەتۆمی نەتەنزی ئێراندا ڕویدا ئیسرائیلی لە پشتەوە بووە .
ڕۆژنامە رایگەیاندووە، روداوەكە لە یەكەیەكی تازە بنیاتنراوی وێستگەی ئەتۆمی نەتەنزی ئێران ڕویداوە و كارێكی تێكدەرانەوە بوو كە لە لایەن ئیسرائیلەوە و لەڕێگەی بۆمبێكی چێنراوە بووە .
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە، ڕۆژی یەكشەممەی رابردوو ئەفسەرێكی دەزگایەكی هەواڵگری دەوڵەتێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندووە، ئاگاداری ڕوداوەكە بووە و ئیسرائیل بەرپرسە لەو هێرشەی سەر بنكەی ئەتۆمی نەتەنز و لە هەوڵەكەدا بۆمبێكی چێنراوی زۆربەهێز بەکار هاتووە.
بە گوێرەی ڕۆژنامەكە، سەربازێكی ناو فەیلەقی قودس كە زانیارییەكانی داوە بە پەیامنێری ڕۆژنامەكە، ئاشكرایكردووە بۆمبێكی چێنراو ڕۆژی 2ی ئەم مانگە لەناو وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز تەقیوەتەوە .
ڕۆژنامەكە هۆشداری ئەوەشی داوە تا ئێستا نەیتوانیووە لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ بكات، سەبارەت بە ڕاستی تێوەگلانی ئیسرائیل لە هێرشەكە و هەروەها ئایا چۆن توانراوە ئەو بۆمبە ببرێتە ناو ئەو وێستگە ئەتۆمییەوە .
زانیارییەكانی ڕۆژنامە ئەمریكییەكە لە كاتێكدایە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند، تەقینەوەیەك لەناو یەكێك لە بیناكانی دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز ڕویداوە و تەنها زیانی بە بیناكە گەیاندووە و هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە، هەروەها هیچ مەترسییەكشیش نییە بۆ پیسبوونی ژینگەییی بەهۆی تیشكی ئەتۆمییەوە.