قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاندێکی باڵای UN بابەتەكانی هەڵبژاردن و وزەی تاوتوێ كرد

  2023-01-24  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ جێگری سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی کۆبووە و پرسی هەڵبژاردنەکانیان تاوتوێکرد


قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم پێشوازی کرد لە ڕۆزماری دیکارلۆ، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی و جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە: لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکەی بۆ شاندی میوان ڕوون کردەوە کە بریتین لە؛ سیستم و بازنەکانی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، کورسی کۆتا و پێکهاتەکان لەگەڵ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، داواشیکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵیان هەبێت لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و مسۆگەرکردنی بەڕێوەچوونی دروستی پرۆسەی هەڵبژاردن تا ببێتە بنەمای نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە بۆ خەڵکی کوردستان.

ئاماژە بەوەشدراوە: پێکهاتە و کەمینەکان ڕێز لێ گیراون لە هەرێمی کوردستان، زۆریش مەبەستیانە ئەم پێکھاتانە، ببنە خاوەنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆ و نوێنەرایەتی تایبەتی دڵخوازی خۆیان کە دوور بێت لە دەستوەردانی حیزب و هێزە سیاسییەکان.

دەشڵێت: مەبەستمانە خەڵکی کوردستان سوودمەندی یەکەم بن لە سەرچاوەکانی وزە بەتایبەت غازی سروشتی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و باشترکردنی خزمەتگوزاییەکان بەکاربھێنرێت.

 لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا ئەوەش هاتووە: رێکخراوەکان رەخنە و گلەییان لە دەسەڵاتی سیاسی و هێزە سیاسییەکان هەیە و دەبێت رەخنە و گلەییەکانیان بە هەند وەربگیردرێت.


ڕیکلام