فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنورەکانی زاخۆیان بۆردومانکرد

  2020-07-08  | 
دهۆک
بۆردومانکردنی سنورەکانی زاخۆ لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیا
ئەرشیڤ
 مێهڤان مەجید
جارێکی تر فڕوکە جەنگییەکانی تورکیا گوندەکانی سەر بە ناحیەی باتیفا لە سنوری زاخۆ-یان بۆردومان کرد.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان لە زاخۆ رایگەیاند، ئەمشەو جارێکی تر فڕوکە جەنگییەکانی تورکیا گوندەکانی ئەڤلە و پیربلا و منین-یان لە سنوری زاخۆ بۆردومان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێش دەستپێکردنی بۆردومانەکە چەند فڕۆکەیەکی چاودێری تورکیا، بو ماوەی نزیکەی ١٠ خولەک بە ئاسمانی زاخۆدا سوڕاونەتەوە و دواتر ئەو گوندانەیان بۆردومان کردووە .

راشیگەیاند، تائێستا زیانەکانی ئەو هێرشە نەزانراوە بەڵام بۆردومانەکە ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لای دانیشتووانی ئەو گوندانە دروستکردووە.

پێشتر دڵشێر عەبدولستار بەڕێوەری ناحیەی باتیفا، بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاندبوو، لە چەند هەفتەی رابردوودا، سوپای تورکیا بە بیانوی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، زیاتر لە ١٠ کیلومەتر خاکی ھەرێمی کوردستانی داگیرکردووە.

زیاتر لە ٢٠ رۆژە سوپای تورکیا بەبیانوی بوونی گەریلاکانی پەکەکە، لە زەوی و ئاسمانەوە هێرش دەکاتەسەر سنورەکانی ئامێدی و زاخۆ و بەوهۆیشەوە ژمارەیەک هاوڵاتی شەهیدبوون و زیانی ماددی زۆریش بەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە گەیشتووە.

مێهڤان مەجید - زاخۆ


ڕیکلام