کۆسرەت رەسول عەلی: کەرکووک (سەر)ی کوردستانە

  2023-03-20  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆسرەت رەسول عەلی سەرۆکی، ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی نەورۆز و رزگارکردنی کەرکوک بڵاودەکاتەوە

دەقی پەیامەکە:

کۆسرەت رەسول پیرۆزبایی نەورۆز و رزگارکردنی کەرکوک لە کوردستانیان دەکات
بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی تازەی کوردی و جەژنی نەورۆزو رزگارکردنی کەرکووک پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەم.
دوای (٣٢) ساڵ ئەوپەڕی شانازیمەو یەکێک لە رۆژە خۆشەکانی ژیانمان بوو کە لەگەڵ هەڤاڵان بەشداری راستەقینە بووین لە رزگارکردنی کەرکوک و وەدەرنانی رژێمی بەعس لە شارەکە، ئەو رۆژە هەموومان پێکەوە کوردستانیەتی کەرکوکمان دووپاتکردەوەو بە دڕندەترین رژێمی دونیامان گوت کەرکووک کوردستانیە، هیچ هێزێک ناتوانێ ناسنامەی شارەکە بگۆڕێت و کەرکووک (سەر)ی کوردستانەو شاری پێکەوەژیان و برایەتیە.
ئەمڕۆ کە (٣٢) ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر راپەڕین و رزگارکردنی شاری کەرکووک، هاوکات جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی تازەی کوردیە، داوا لە سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکان دەکەم هەنگاو بنێن بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان، بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئامانجە لەمێژینەکانمان، ئەو ئاواتەی ساڵەهایە خەباتی بۆ دەکەین و هێشتا پێی نەگەیشتووین.
دووبارە ئەم یادە پیرۆزەتان لێ پیرۆز دەکەم، دروودو سڵاو دەنێرین بۆ گیانی شەهیدانی رزگارکردنی کەرکووک و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

کۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


ڕیکلام