لە هەموو لایەکەوە فشار بۆ حکومەتە خۆماڵیەکە هاتووە
لەلایەک کونسوڵی ئەمریکا زەنگی ڕووخانی حکومەتەکەی مەسرور لێدەدات
لەلایەکیش دۆستە دێرینەکەی بنەماڵەی بارزانی، تاکە دەرچەی هەناردەی نەوت و کۆڵەکەی پشت ئابوریە سەربەخۆکەی گرتەوە
ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان قەترەیەک نەوتی نەفرۆشتووە، ئەوەی بەرهەمی دەهێنێت، لە کۆگاکاندا هەڵیدەگرێت
ئەمە دوای بڕیارەکەی دادگای نابژیوانی پاریس، کە عێراق سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمارکردبوو و دوای دەرچوونی بڕیارەکەش، تورکیا پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکەوە ڕاگەیاند
سەرەنجام وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، کە بەناو دامەزراوەیەکی گرنگە و لە واقعدا هیچ نییە و هەموو کاری وەزارەتەکە لە جانتاکەی دەستی غەزالە بارزانی کۆکراوەتەوە، رایگەیاند بریاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، ڕێگر نابێت لە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا. لەم چوارچێوەیەدا، سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتی پەیوەست بە نەوت
واتە لە کۆتاییدا، ئەوەی چەند ساڵە زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و خەڵک داوای دەکەن، بە ناچاری بەسەر پارتیدا سەپا، کە ئەویش بریتیە لە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم، نەک تاڵانکردن و ئاودیوکردنی داهاتەکەی، بەوشێوەیەی کە ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵە دەفرۆشرێت
کێشەکە لەوەدایە، لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا، بنەماڵەی بارزانی زۆرترین هاوکاریان پێشکەشی تورکیا کرد، تاکو چاوپۆشی لە هەناردەکردنی نایاسایی نەوتی هەرێم و شاردنەوەی داهاتەکەی بکات
ئەو کەمینەیەی ناو بارزانییەکان، لەپێناو تورکیادا، جەنگیان دژ بە براکانی خۆیان ڕاگەیاند، بە خەڵکی باکوری کوردستانیان نەوت وەرن دەنگەکانی خۆتان بدەنە ئەردۆغان، تەنانەت گەیشتە ئەوەی دەستی بچێتە خوێنی براکانی خۆیان و بە تیرۆرست و چەتە ناویان دەبردن
بەڵام لە کۆتاییدا تورکیا لەبەر عێراق، پشتی کردە حکومەتەکەی مەسرور بارزانی و هێندەی دیکە حکومەتی لە ڕووخانی حەتمی نزیک کردەوە
ئەمە جگە لەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ڕاپۆرتێک، ڕاستی دەسەڵاتە پۆلیسی و هەواڵگریەکەی مەسرور و زەبر و زۆری دەزگای پاراستنی بەسەر خەڵکدا بە بەڵگەوە بڵاوکردەوە، ئەوەی دا بە گوێی حکومەتدا، کە ئازادی و مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا، ئەوەیە کە بۆ خۆتان گونجاوە و لە دەرەوەی ئەوە هەرچی دەیکە هەبێت، ئێوە ناوی تاوان و تیرۆر و سیخوڕی و بەکرێگیراویی دەدەنە پاڵ
توتیەکەی مەسرور، دیندار زێباری، وەلامێکی هێندە کرچ و کاڵی ئەم ڕاپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوە، نازانیت پێی پێبکەنیت، یان بگریت کە دیندار بووەتە دەمڕاستی ٧ ملیۆن کەس
لەلایەکی دیکەوە، بڵاوکردنەوەی بابەتێک لەلایەن کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم، لەژێر ناونیشانی "ماڵە کارتۆنیەکەی هەرێم، لەبەردەم ڕووخاندایە"
کە ئەم ناونیشانە مانشێتی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری (فۆرن پۆڵسی) ئەمریکی بوو سەبارەت بە دۆخی هەرێم لە ئەگەری بەردەوامیی حکومڕانی بەمشێوەیەی ئێستا
بەڵام بە جۆرێک دای لە دڵی بارزانییەکان و خورپەی بە دڵیان کرد، لە درەنگانی شەودا بارەگای بارزانی کە شوێنی سەرۆکایەتی هەرێمی جارانی گرتووەتەوە، بەیاننامەی دژ بابەتەکەی کونسوڵی ئەمریکا بڵاوکردەوە
ناشکرێت ناحەقی بارزانی بگریت کە لە درەنگای شەودا بیری بەیاننامەیەکی وای بکەوێتە، چونکە هەر ئەمریکا بوو لە دوای شکستی ڕیفراندۆم و رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، کۆتایی بە دەسەڵاتی بارزانی هێنا وەک سەرۆکی هەرێم
مەسرور بارزانیش لەبەرامبەر ئەم بڕیار و لێکەوتانە دژ بە هەرێم، داوای یەکڕیزیی دەکات، وەک ئەوەی هەر ئەو نەبوبێت کە دۆخی حکومەتی گەیاندبێتە ئەم دۆخە و لەبەر ویستیە تاکڕەوی دەسەڵاتی خۆی، ئەنجومەنی وەزیرانی گەیاندە ئاستێک کە ئێستا گەر کۆبونەوەکان چ لە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت و چ لە بارەگای ئەنجومەنی ناوەندی پارتی بکرێت، جیاوازییەکی وا لە ئامادەبوانەکەی بەدیناکرێت.
وەک نوسەرێک دەڵێت، ئەوکاتەی مەسعود بارزانی و مونا قەهوەچی و مەشخەڵ کەوڵۆسی لەسەر یەک بابەت و لە یەک کاتدا قسەدەکەن، ئەوا بزانە دۆخەکە تەڵخە
شتەکە هەر لەوەدا نەمایەوە، بەڵکو پارتی هانی دەست و پێوەندەکەی داوە کە وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان، تۆمەت بۆ ئەوانە هەڵبەستن کە ڕەخنەگریانن
تۆمەتیش بۆ کێ ، بۆ ئەمریکا و کونسوڵەکەی
ئەمە ئێرڤین هێکسە، کونسوڵی گشتیی ئەمریکایە لە هەولێر، باپیرانی ئێرڤین لە ڕابردوودا وەک خزمەتکار براونەتە ئەمریکا، بەڵام ئەو سیستمە دیموکراسیەی لە ئەمریکا پەیڕەو دەکرێت، کوڕی خزمەتکارێکی کردە کونسوڵ و دیپلۆماتکار لە دەیان شوێنی هەستیار
لەوکاتەوەی ئەم کەسە بووەتە کونسوڵ کە کەمتر لە ساڵێکە، لە مەسرور و حکومەتەکەی زیاتر بە دەم خەڵکەوەیە، رۆژێک لەناوبازاڕی هەولێرە و ڕۆژێک لە سلێمانی، ڕۆژێکیش خەریکی بەسەرکردنەوەی پرۆژە کشتوکاڵییەکانی هەڵەبجەیە، بەڵی هەڵەبجە، ئەو پارێزگایەی کە تا ئێستا مەسرور و حکومەتەکەی بە شایستەی ئەوەیان نەزانیوە کە سەردانێکی بکەن و قردێلەی پرۆژەیەکی تێدا ببڕن
لەسەر بابەتەکەی وەزارەتی دەرەوە و کونسوڵی ئەمریکا، سکرتێرێکی مەسرور بارزانی نوسیویەتی "رۆژانە، لە ئەمەریکا تاوان و پێشێلکاری روودەدات، تا ئێستاش جیاوازی نێوان رەش و سپی هەیە، تا ئێستاش دادگاکانیان بڕیاری هەڵە دەدەن، تا ئێستاش تەزویر لە هەڵبژاردنەکان بەردەوامە، بۆ دەبێت لە ئەمەریکا و هەموو دنیا، خەڵک بگیرێت، بۆ نابێت لە هەرێم بگیرێت؟ "
کاتێک ئەمە دەخوێنیتەوە، دەزانیت ئەقڵی سیاسی ئەمانە چەندێکە، کە وەڵامدانەوەی ئەمریکا و کونسوڵەکەی، بەشەڕی میدیایی حزبێکی کوردی تێگەشتوون
دیسانەوە کاتێک دەیخوێنیتەوە، ئیتر ئەوکات لات سەیر نابێت، کە بۆ دۆخی کوردستان گەیشت بەوەی ئەمڕۆ