پەرلەمانتارێکی پارتی: بەستەلەکی نێوان پارتی و یەکێتی بەرەو توانەوە دەچێت

  2023-05-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی قوباد تاڵەبانی، پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، " بەستەلەکی نێوان پارتی و یەکێتی بەرەو توانەوە دەچێت و پێشبینی دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە کۆبوونەوە بکەن".

خەدیجە عومەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە: ''رەوشەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت لە نێوان پارتی و یەکێتی لەبەر ئەوەیش گەشبینین بەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە کۆبوونەوەکان بکرێتەوە بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، کەمبوونەوەی گرژییەکان وا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوە هەنگاو بنێن''.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێت: "تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە دیاری نەکراوە، بەڵام پێم وایە لای هەردوولا نیەتێکی باش هەیە بۆ ئەوەی کۆ ببنەوە''.

باسی لەوەشکرد: "جگە لە کۆبوونەوە و رێککەوتن هیچ رێگەیەکی دیکە لەبەردەم لایەنەکاندا نییە، بەتایبەتی کات درەنگە و پێویستە لە ئایندەیەکی زوودا رێککەوتن بکرێت بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، هەر دواکەوتنێک کاریگەریی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن دەبێت''.

قسەکانی پەرلەمانتارەکەی پارتی لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کرد و تاووتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم کرا.



ڕیکلام