فازڵ میرانی: پێویستە هەڵبژاردن بکرێت، چونکە هیچ ڕێگرییەک نییە

  2023-05-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، "پێویستە هەڵبژاردن بکرێت، چونکە هیچ ڕێگرییەک نییە لە بەردەم هەڵبژاردن، ئەگەر ئێمە و یەکێتی حەز بکەین"

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانەی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی دەستپێشخەری ئاشتی بۆ لایەنە سیاسییەکان و پارتی و یەکێتی ڕاگەیاند، ئەمەش پاش ئەوەی لە حەوت مانگی ڕابردوو گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی گەیشتنە لوتکە.

میرانی سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەی بارزانی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند،" پێش ماوەیەک وەک سەرکردایەتی پارتی بە جەنابی سەرۆکمان وت کە دەستپێشخەری بکات لە مانگی ڕەمەزان و لە جەژنیشدا، ئەویش فەرمووی جارێ مەجالم بدەنێ با دراسەی بارودۆخەکە بکەم پێی خۆش بوو، بەڵام بیری لە بۆنەیەک دەکردەوە."

وتیشی مەسعود بارزانی کردنەوەی مۆزخانەی موستەفا بارزانی کە زۆربەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق تیایدا ئامادەبوون بە گونجاوترین بۆنە زانی بۆ ڕاگەیاندنی دەستپێشخەرییەکەی.

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئەمەریکا هەڕەشەی لە پارتی و یەکێتی کردبێت. وتی ئەو جۆرە دەنگۆیانە هی ڕۆژنامەیەکە یان هی کەسێکە کە سوود لەوە دەبینێت. دەشڵێت پاشان ئەمەریکا بۆچی هەڕەشە بکات؟. پارتی و یەکێتی نە سوریایە و نە عێراقە و نە ئەفغانستانە.

بەڵام وتی ئەگەر ئەمەریکا فشار بخاتە سەر پارتی و یەکێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، مانای ئەوە نییە هەڕەشە دەکات، بەڵکو فشارێکە لە بەرژەوەندی پارتی و یەکێتیدایە.

فازڵ میرانی ئەوەشی وت"من دەڵێم پێویستە هەڵبژاردن بکرێت، چونکە هیچ ڕێگرییەک نییە لە بەردەم هەڵبژاردن، ئەگەر ئێمە و یەکێتی حەز بکەین". 

وتیش" بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆنی ئێمە هەر شتە نەرێنییەکان دەبینن، بەڵام ئەم دامەزراوەی کە ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبات لە 4ی مانگی حەوتی ساڵی 1992 وە کە یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێم دامەزرا هەتا ئێستا بە دوو ئیدارەییشەوە هەڵبەتە ئیشی باشکراوه،‌ بەڵام لە پاڵ ئەوە ئیش هەیە نەکراون. "

سەبارەت بە خاڵی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لە ئێستادا، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی" بەدڵنیاییەوە خاڵی ناکۆک هەیە، بۆیە دوو حزب هەیە ئەگەرنا دەبوونە یەک حزب، ڕەنگە لە مەسەلەی مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر یان عێراق بێت یان لەسەر مەسەلەی داهات و شێوەی حوکمڕانییەکەی بێت ئەمانە هەمووی لە هاوبەشدا دێنەوە پێش. "



ڕیکلام