هەرێم کەمال ئاغا : کۆمەڵێک کاری نا دادپەروەری وایکرد یەکێتی هەڵوێستی هەبێت

  2023-05-28  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستوریی و قەوارەیەکی سەربەخۆیە، یاسای بودجە کە بۆ ساڵێک یان چەند ساڵێکە، کاریگەری لەسەر پێگە دەستورییەکەی نابێت.

هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، "کۆمەڵێک کاری نا دادپەروەری وایکرد یەکێتی هەڵوێستی هەبێت و هیچ ھەوڵێک بۆ لەتکردنی هەرێم لە ئارادا نییە، ناتەبایی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە نەک شتی تر، هیچ یاسایەکیش ناتوانێت کاریگەری لەسەر پێگەی هەرێم دروست بکات."

ئاماژەی بەوەشداوە،  کە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی پێکەوە دانیشتوون و لەیەکتر نزیکبوونەوەکان قۆناغی باشیان بڕیووە، وتیشی"بۆیە ئەو بڕگەیەی لە پرۆژە یاسای بودجە کە باس لە پێدانی شایستەی دارایی هەر پارێزگایەک دەکات لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گەر گازندەی هەبێت، بڕگەیەکی ئاساییە و کاریگەری نابێت."

پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی بە "خیانەت"کردن تۆمەتبار دەکات، بەو پێیەی تەنها ئەندامەکەی یەکێتی لە لیژنەی دارایی دەنگی بە پرۆژە یاسای بودجە داوە، هەرێم کەمال ئاغا لەو بارەیەوە، دەڵێت "وەڵامی ئەم شتانە نادەینەوە و ئێمەش قسەمان لەسەر ١٦ ی ئۆکتۆبەر زۆرە، ئەمەی کراوە نە خیانەتە و نە هیچ، خیانەت خواردنی ماڵی گشتی و خراپ بەکارهێنانی دۆسیەی نەوتە."

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی وتی "گەر ستەم لە دهۆکیش بکرێت ئەم بڕگەیە دەیگرێتەوە و دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات، کەواتە بڕگەکە تایبەت نییە بە سلێمانی، ئەمەش دەرئەنجامی ناکۆکی بوو، مادام سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دانیشتوون و لێکتێگەیشتن دروستبووە، ئەم برگەیە هیچ کاریگەری نابێت."

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٢٤ ئەندام پێکهاتووە، پارتی دوو ئەندام، یەکگرتوو ئەندامێک و یەکێتیش ئەندامێکی لە لیژنەکە هەیە، پارتی یەکێتی بەدەنگدان بەکۆی پرۆژە یاسای بودجە تۆمەتبار دەکات.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونیکردەوە، تێبینییان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی عێراق هەیە و تەنها دوو بابەت پێشنیاری ئەوان بووە، بابەتی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران و بابەتی دادپەروەری لە نێوان پارێزگاکان، تا گەرەنتی هەبێت پارێزگایەک هەست بە ماف خوراوی نەکات.

هەرێم کەمال ئاغا، وتی"ئێمە تێبینیمان لەسەر ئەم مادەیە هەیە، چۆن داوای ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە نەوت بکرێت و لەولاشەوە دەرهێنانی نەوتی لە بیرە نەوتییەکان لێ قەدەغە بکرێت، دەکرێ ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن."

وتیشی"بەهۆی بایکۆتکردنی تیمی یەکێتی لە حکومەت، تیمی پارتی گفتووگۆیان لەگەڵ عێراق کردووە و ئەوان بەرپرسیارن، بۆیە دەبێت هەوڵی هەموارکردنەوەی ئەم مادانە بدەین."

سەبارەت بەو برگەیەی تایبەتە بە سەرپەرشتیکردنی دەروازە سنورییەکان لەلایەن عێراقەوە، هەرێم کەمال ئاغا وتی"فرۆکەخانە و دەروازە سنورییەکان بابەتی دەستورین، بەڵام ئەو لیوا کوردانەی پۆلیسی سنور کە سەر بە عێراقن و ناوچە سنورییەکان دەپارێزن کوردن."
 جەختیشیکردەوە، جگە لە پاشەکەوتی موچە و دادپەروەری نێوان پارێزگاکان، تێبینییان لەسەر مادەکانی تری پرۆژە یاسای بودجە هەیە و پێشنیاریان بۆ هەموارکردنەوەی پێشکەشکردووە.


ڕیکلام