فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

  2023-05-28  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران عێراق وەڵامی فراکسیۆنی پارتی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، "فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاننامە و لێدوان بڵاودەکەنەوەو دەیانەوێ خەڵکی کوردستان جەواشە بکەن خەریکی موزایدەی سواون".

وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "ماوەی چەند رۆژێکە بەزمانێکی نەشیاو و نەگونجاو لەگەڵ پاییە و سەنگی پەرلەمانتاری، فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاننامە و لێدوان بڵاودەکەنەوەو دەیانەوێ خەڵکی کوردستان جەواشە بکەن خەریکی  موزایدەی سواون".

ئاماژەی بەوەشداوە، "لەبەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و موراعەتکردنی هەستیاری دۆخەکە وسەرقاڵبوونمان بە چەسپاندنی داوا ڕەواکانی خەڵک لە بودجە، نەمانوویست وەڵامبدەینەوەو بچینە ئاستی ئەو زمانە نزم و نەشیاوەی ئەوان.
تەنھا ئەوەندە دەڵێن، هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ لە مەسەلەی دیفاعکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لەبەغدا و پاراستنی هەرێمی کوردستان و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا موزایدە بەسەر ئێمەوە بکات".
 
دەشڵێت، "هیچ هێزێکی کوردستانی هێندەی ئێمە پەرۆشی یەکریزی کوردستانی نەبووە لە بەغدا، ئەوە ئێمە نەبووین لەبەر پۆست ‌و بەرژەوەندی تەسکی حزبی یەکریزی بشکێنین".

 باسی لەوەشکراوە، "سەبارەت بەو ‌قسە بێسەروبەرانەی  لەسەر بەرێز قوباد تاڵەبانی دەکرێ  گوایە پەیوەندی بە هەندێک پەرلەمانتاری عێراقەوە کردوە، ئەمە هێج بنەمایەکی نیە و هەڵبەستراوە، کاک قوباد تەنها پەیوەندی بەنوێنەری یەکێتی لە لیژنەی دارایی کردوەو رێنمایی کردوە کە بۆ چەسپابدنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان هەوڵبدات. تەنها ئەوەندە دەڵێن، کاتێ هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەرەشەی گەورەی قەیرانی دارایی بوو، ئێوە گاڵتەتان بەرێکەوتن لەگەڵ بەغدا ئەهات و خەڵکی کوردستان بێمووچە بوون، کاک قوباد (١١) جار سەرۆکایەتی وەفدی دانوستانکاری هەرێمی کرد و (٢٥٦) سەعات کۆبونەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقیەکاندا کردو (٥٠) رۆژ لە بەغدا ماییەوە تا (٢٠٠) ملیارەکە دەستەبەر بکات. 

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا فراکسیۆنی یەکێتی جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، "لە کۆتاییدا رایدەگەیەنین رێگا ڕاستەکە تەبایی و یەکریزی کوردستانی ڕاستەقینەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، مەترسی ڕاستەقینەش لەسەر هەرێم پەرتەوازەیی و ئاژاوەی سیاسی و گووتاری بوغرایی ئاست نزمی سیاسیە".