بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە پارتی و یەکیتی بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە هەولێر کۆببنەوە.
ئەمڕۆ وەفدێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ کۆدەبنەوە، بڕیارە دواپێشهاتە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق و پرسی هەڵبژرادنەکان تاوتوێ بکرێت.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا ئەو دوو لایەنە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕێکنەکەوتوون و دەربارەی شێوازی بەشداریکردنیشیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ناکۆکن.
رۆژی ٢٦ی حوزەیرانی رابردوو هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی لە شاری هەولێر کۆبوونەوە، رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەردوولا و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقیان تاوتوێکرد.