یەکێتی و پارتی پێداچوونەوە و واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ تاوتوێ دەکەن

  2023-08-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، لە دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتیدا باسیان لە واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ یان پێداچوونەوە بە رێککەوتنەکانی پێشوو کردووە، هەروەها رایدەگەیەنێت، پارتی و یەکێتی بە پێداچوونەوە و واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ رازین، بەڵام دۆخەکە هۆکارە بۆ هەنگاونەنانی کرداری لەو بارەیەوە.

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە میدیای نزیک لە حیزبەکەی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکاندا باش قسە کراوە و بەرنامەی باش دانراوە، بەڵام لە رووی کردەییەوە تا ئێستا هەردوولا بە وەڵامێکی باوەڕپێکەر نەگەیشتوون، کە ئەمەش پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە و دۆخەکە هۆکارە بۆ هەنگاونەنانی کرداری لەو بارەیەوە.

دەشڵێت، کێشەی سەرەکی نێوان پارتی و یەکێتی، بریتییە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق.

لەبارەی رەوشی ناوخۆی پارتییەوە مەحمود محەمەد دەڵێت "کێشە لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا بوونی نییە، چونکە پارتی کێشە لەناو هەناوی خۆیدا هەڵناگرێت، بۆ نموونە لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەم ئەو کێشەیەی هەبوو، بەڵام لەناو هەناوی خۆیدا فڕێی داوەتە دەرەوە، دواتر هەمان حاڵەت لە ١٩٧٩ و ١٩٨٠ بوونی هەبوو، بەڵام دووبارە فڕێی دایەوە دەرەوە، بەم شێوەیە کێشەی ناوخۆیی لەناو پارتیدا جێی نابێتەوە".


ڕیکلام