دەنگی ئەمریکا: ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەگاتە "قۆڵبادانی" یەکتر

  2023-08-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەنگی ئەمریکا رایگەیاند کە ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەگاتە قۆڵبادانی یەکتر و لە نوێترین کاریاندا "بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان بە واژوی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، کە دەستلەکارکێشانەوەی قبوڵ نەکراوە و دەوامیش ناکات، پلەدارێکی باڵای یەکێتی لە پۆستەکەی دوور دەخاتەوە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش لە پشکی یەکێتی ڕەتیدەکاتەوە پابەندبن بەو بڕیارەوە.

عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە تیمی پارتی، بە نوسراوی ژمارە (١٦٧٩٩) لە ڕۆژی ٢٢/٨/٢٠٢٣، عەمید نزار قادر مەجید، بەڕێوەبەری مووچە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەکان، کە لە تیمی یەکێتییە دوورخستووەتەوە.

لە نوسراوەکەدا هاتووە، "ئەم فەرمانە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت، پێویستیشە لیژنەی لێکۆڵینەوە کارەکانی بە پێی یاساو ڕێنماییە کارپێکراوەکان تەواو بکات."

لەبارەی بڕیارەکەوە، عەمید نزار قادر بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاندووە" بڕیارەکە لەسەر ئەوەیە کە من لێپرسراوی مووچەم و پەیوەست نابم بەو بڕیارەوە کە باس لە دابەشکاری بوودجەی هێزە هاوبەشەکان دەکات بە ڕێژەی ٥٧ بە ٤٣، بۆیە ئەو بڕیارە لە دژم دراوە". 

لە نوسراوەکەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەدا کە بە ژمارە (٣٠٢٨) و لە ڕۆژی ٢٨ی ئابی ٢٠٢٣ ئاڕاستەی بریکاری وەزیری پێشمەرگە کراوە، تێیدا هاتووە" فەرمانی لابردنی ئەو ئەفسەرە لە دەسەڵاتی جەنابتان نییە و فەرمانەکەش نایاساییە". 

لە بەشێکی تری نوسراوەکەدا ئاماژەبەوەکراوە، بڕیاری لابردنی ئەو ئەفسەرە لە پۆستەکەی مۆرکی" حزبایەتی پێوە دیار، لەبەر زیاتر دانەبەزینی ناوبانگی وەزارەت و ڕوونەدانی لێکترازانی زیاتر، داواکارین لەمەودوا ئەم جۆرە فەرمانانە بە بێ کۆدەنگی و پرس و ڕا دەرنەکرێ، فەرمانەکەشتان لەلایەن ئێمەوە کاری پێناکرێت و هەڵوەشاندنەوەی لەبەرژەوەندی هەموو لایەکە"، بەڵام لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە پێی وایە بڕیارەکە یاساییە و وتی" دوور خستنەوەی ئەو ئەفسەرە لەسەر بنەمای لیژنەی لێکۆڵینەوە بووە، بەڵام ئێمە هیچ لێدوانێکی لەبارەوە نادەین". 

هەروەها ڕزگار محەمەد ئەندامی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، پێیوایە کێشەکانی ئەم دواییەی نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەری زۆریان لەسەر پێگە و هێزی ئەم وەزارەتە گرنگەی هەرێم هەبووە و دەڵێت" پارتی و یەکێتی خەریکە هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە هەڵدەوەشێننەوە کە هاوپەیمانان مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، ئەوان بایەخ بە وەزارەت نادەن، بەڵکو بایەخ بەهێزە حزبییەکانی ٧٠ و ٨٠ دەدەن، هاوپەیمانان هێندە هۆشدارییانداوە خەریکە بێزار دەبن، ئەگەرهاوپەیمانان دەست لە وەزارەتی پێشمەرگە بەربدەن، بە واتای دەستبەرداربوونە لە قەوارەی هەرێم و دۆخەکە بۆ هەرێم خراپتر دەبێت". 

وەزیری پێشمەرگە شۆڕش ئیسماعیل کە لەسەر پشکی یەکێتی لەم پۆستەیە، بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ حیزبەکەی نزیکی ساڵێکە کار ناکات و داوای دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە، بەڵام دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵنەکراوە و یەکێتی و پارتیش لەسەر کاندیدێکی تر ڕێکنەکەوتوون بۆ ئەم پۆستە.


ڕیکلام