هەڤاڵ ئەبوبەکر: داوا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەین رێز لە سەروەریی خاکی هەرێم و عیراق بگرن

  2023-09-18  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگای سلێمانی راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت و بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەولێر بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ بەتوندیی ئیدانەی ئەو دەستدرێژییانە دەکەین؛ کە ئەمڕۆ کرانە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت و، بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەولێر، دەشڵێت، داوا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەین ڕێز لە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عیراق بگرن.

دەقی راگەیەندراوەکە... 

بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ بەتوندیی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییانە دەکەین؛ کە ئەمڕۆ کرانە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت و، بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەولێرو، هەموو ئەو سنوربەزاندن و پەلاماردانانەیشی؛ لە ڕابردودا کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.

هاوخەمیی و پەژارەو پرسەی فەرمیی خۆمان بۆ شەهیدانی ئەم ڕوداوە نەخوازراوانە دەردەبڕین و، هیوای چاکبونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین. 

داوا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەین ڕێز لە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عیراق بگرن، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادیی و هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین کۆتایی بە ناکۆکییە ناوخۆییەکان بهێنن و، خۆیان و وڵاتەکەمان لە هەر ململانێیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەدوربگرن و شکۆو سەروەریی نیشتمانیی وڵات؛ بپارێزن.


ڕیکلام