تاپڕێكی ئیشنەكردووی سەردەمی ئینگلیز بووەتە مۆتەكە بۆ رۆژنامەنووس گوهدار زێباری كە لە ئێستادا لە زینداندا، كەسوكارەكەی دەڵێن، ئەو تۆمەتەی "بۆ هەڵبەستراوە" و تاپڕەكە هی ئەو نیە، بە وتەی پارێزەرەكانی دادوەر خۆشی وتی لەوانەیە قسەكانی گوهدار بۆ من تارادەیەك قەناعەت بۆ من درووست بكات، بەڵام سێ پۆلیس سوێندیان لەسەر خواردووە، باوكی گوهدار دەڵێت گەشبین نیم بە ئازادكردنی لەوانەیە كێشەیەكی تری بۆ درووست بكەن.
محەمەد عەبدولحەمید باوكی گوهدار زێباری رۆژنامەنووسی زیندانیكراو، لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەی هاوڵاتیدا باس لە سزادان و زیندانیكردنی گوهدار زێباری دەكات:
ئەو رۆژەی كوڕەكەم دەستگیركرا لە گوند نەبوو هاتبوو بۆ ماڵی خوشكی خۆی لە ئاكرێ، دەوروبەری كاتژمێر 9 هێزێكی ئاسایش كە نزیكەی (10) ئۆتۆمبێل بوون گوهدار دەستگیر دەكەن دواتر پشكنینی ماڵ دەكەن، تاپڕێك لەگەڵ چەند فیشەكی تاپڕەكە دەدۆزنەوە دواتر یەكێكیان دەیكاتە ناو ئۆتۆمبێلی گوهدار تاوەكو بڵێن ئەو تاپڕە هی گوهدارە، تاپڕەكە هی باپیری گوهدارە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئینگلیز ئەوەندە كۆننە هەر ئیش ناكات، تەنیا بۆ جوانی و یادەوەری هەڵگیراوە.
گوهدار زێباری و چوار چالاكوان و رۆژنامەنووسی تر لە 16ی ئۆكتۆبەری 2021 لەلایەن دادگای تاوانەكانی هەولێرەوە بە شەش ساڵ زیندانی حوكمدران بە تۆمەتی سیخوڕی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی، لە مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانێكی سەرۆكایەتی هەرێم سزای گوهدار و هاوڕێكانی 60% كەكرایەوە، جگە لە شێروان كە 50% سزاكەی كەمكرایەوە، بە پێی بڕیارەكەی سەرۆكایەتی هەرێم وابڕیار بوو 16ی ئازاری 2023 گوهدار زێباری ئازادبكرێت، بەڵام دواتر لە لایەن دادگای كەتنی هەولێرەوە بە حەوت مانگ زیندانی تر سزا درا بە تۆمەتی "گۆڕینی لۆڤۆی ئۆتۆمبێلەكەی".
دوای حەوت مانگ بڕیاربوو لە مانگی ئابی 2023 ئازادبكرێت بەڵام بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەكی بێموڵەت جارێكی تر سزای شەش مانگی تر زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بڕیارەكە لە رۆژی 2ی تشرینی یەكەمی 2023 درا بەتۆمەتی هەڵگرتنی تاپڕێكی سەردەمی ئینگلیز كە كاری نەدەكرد و تەنیا بۆ جوانی.
محەمەد عەبدولحەمید باوگی گوهدار زێباری، دەڵێت: بەو تەمەنەوە زیاتر لە (100) لەگەڵ دایكی و براو خوشكەكانی سەردانی هەولێرمان كردووە، زیاتر لە پێنج جارێش بە دڵێكی پڕ هیواوە دەهاتینە پێش دەرگای دادگای هەولێر تاوەكو گوهدار لەگەڵ خۆمان ببەینەوە، بەردەوام لە پێش دادگا نزامان دەكرد، بەڵام دواجار بەدەست بەتاڵی و خەمێكی قوڵەوە، گەڕاینەوە ئاكرێ.
ریڤینگ یاسین پارێزەری تیمی بەرگری لە رۆژنامەنووسان و چالاكانی بادینان، بەڵگەی تەواو و درووست نەبوو بیسەلمێنێت، گوهدار تاپڕی هەڵگرتووە، یان موڵكی ئەو بووە، بڕیارێكی نادادوەرانەبووە، كەیسێك درووستكراوەو لەبەر دادوەر دانراوە تا بڕیاری لەسەر بدات، دادوەر خۆیشی بڕوای بە بڕیارەكەی خۆی نیە، ئەو مادەیەی گوهداری پێسزادراوە، مادەی 15ی یاسای چەكە بڕیاری سزادانی شەش مانگە بەڵام لەبەر ئەوەی گوهدار بۆ ماوەی مانگێك و چواردە رۆژ لە ئاسایش راگیراوە، ئەو ماوەیەی بۆ حیساب دەكرێت، واتا چوار مانگ و چواردە رۆژی تر ئازاد دەكرێت.
باوكی گوهدار دەڵێت تەحەدا دەكەم گودار فیشەكێكی لە كڵاشینكۆف یان هەر چەكێكی تر تەقاندبێت، زۆر رقی لەچەك بووەو هەرگیز حەزی نەدەكرد چەك هەڵبگرێت، لەسەر ئەو تاپڕە بەقسەی پارێزەرانی بێتپێشتر وەك سزای دارایی 150 هەزار دیناریان داوە بە دادگا سەرەتا دادوەر وتی ئەمە هەر بەچەك حساب ناكرێت، دواتر بابەتەكەیان گەورە كرد، دۆسیەی سیخۆریكردن و لۆگۆی ئۆتۆمبێل و تاپڕیان هەموو بە ئەنقەست بۆ گوهدار درووستكرد.
رەمەزان ئەرتیسی پارێزەرێكی تری تیمی بەرگری لە رۆژنامەنووسان و چالاكانی بادینان دەڵێت: بە قسەی سێ پۆلیس تاپڕێك لەگەڵ 150 فیشەكی كڵاشینكۆف، لەگەڵ دوو دوربینی سەربازی لەناو ئۆتۆمبێلەكەی گوهدار زێباری دۆزراوەتەوە، گوهداریشرەتی دەكاتەوە ئەو شتانە هی ئەو بن دادوەر لەسەر قسەی شاهید حاڵەكان بڕیاریدا بە سزادانی گۆهدار بۆ شەش مانگ، گوهدار وتی ئەو تاپڕ و فیشەك و دوربینانە هی من نین، دادوەر خۆشی وتی كاك گوهدار لەوانەیە قسەكانی تۆ تا رادەیەك قەناعەت بۆ من درووست بكات، بەڵام سێ پۆلیس سوێندیان خواردووە كە ئەمانە هی تۆن بۆیە لەسەر قسەی ئەوان بڕیاری دەركردووە.
باوكی گوهدار دەڵێت: ئەو سێ پۆلیسەی سوێندیان خواردووە، ماڵی خۆیان وێرانكردووە چونكە كوڕەكەم بێ تاوانە، هیچ جارێك شەڕە قسەیەك یان شتێكی خراپی نەكردووە، سێ كوڕم هەیە گوهدار لە هەموویان بچوكترەو زۆۆرم خۆش دەوێت، دوای ئەو هەموو ستەم و ناهەقیانە گەشبین نیم بە ئازادكردنی لەوانەیە پێش ئازادكردنی جارێكی تر كێشەیەكی تری بۆ درووست بكەن، تەنیا خوامان هەیە هیچی تر ناڵیم،
گوهدار محەمەد عەبدولحەمید ناسراو بە گوهدار زێباری
• ساڵی 1991 لە گوندی هەشتكا سەربە ناحیەی دینارتە لە سنوری قەزای ئاكرێ لە دایك بووە
• لە 2011- 2015 پێشكەشكار و دەرهێنەربووە لە رادیۆی پەیام لە ئاكرێ
• دواتر نوسین و وتار و راپۆرتی بۆ گۆڤارەكانی باشور و شەیدا ئامادەكردووە
• لە 2012 -2015 پەیامنێری سپێدە بووە
• لە 2014 پەیامنێری سپێدە رۆیشتووە بۆ كۆبانی
• لە 2015- 2019 پەیامنێری ئێن ئاڕتی بووە
• لە 2018 ەوە نوێنەری سەنتەری میترۆ یە لە ئاكرێ
راپۆرتی: عەمار عیماد - ڕۆژنامەی هاوڵاتی