بزوتنەوەی گۆڕان: بەپێى رێکارە دەستورییەکان خانەى راپەڕاندن هەڵبژێردرێت

  2023-11-15  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بڕیاردرا، بەردەوامی بە پرۆسەی ئاشتەوایی بدرێت، خانەی راپەڕاندن هەڵببژێردرێت بە شێوەیەک کەسایەتی خاوەن ئەزمون لە خۆبگرێت، کۆتا هەنگاوەکان بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی نیشتمانی بزوتنەوەکە ئەنجامبدرێت.

بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ‎ئەمڕۆ چوارشەمە، جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبونەوەى تەواوکارى خۆى ئەنجامدا و بڕیاردرا بەپێى ڕێکارەکانی دەستورى ناوخۆیی، خانەى ڕاپەڕاندن هەڵبژێردرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، ‎کارنامەى کۆبونەوەکە، تەواوکردنی تەوەرەکانى کۆبونەوەى پێشوی جڤات بو، کە تێیدا تاوتوێى پەرەسەندنە سیاسییەکانى هەرێم، عێراق و ناوچەکە و کاریگەرى ئەو هەلومەرجە سیاسییە لەسەر پڕۆسەى سیاسى هەرێمى کوردستان و ڕەنگدانەوەى لەسەر ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیان کرا.

ئەوەشخراوەتەڕو، ‎لەبارەى دۆخى ڕێکخراوەیی بزوتنەوەى گۆڕان خۆڕێکخستنەوە و قۆناغى نوێ، جڤاتى نیشتمانى بڕیاریدا،  پڕۆسەى ئاشتەوایی و پێکەوەکارکردن لەگەڵ کارەکتەرانى دەرەوەى پەیکەرى رێکخراوەیی بزوتنەوەى گۆڕان بەردەوامى هەبێت.

باس لەوەشکراوە، هەروەها بڕیاردرا بەپێى ڕێکارە دەستورییەکان خانەى ڕاپەڕاندن هەڵبژێردرێت بۆ جێبەجێکردنى بڕیار و راسپاردەکانى جڤاتى نیشتیمانی و لە پێکهاتەکەیدا ڕەچاوى کەسایەتییە سیاسییە دیار و بەئەزمونەکان و نوێنەرایەتى گەنجان و ئافرەتان بکرێت.

لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڕیاری ئەوەشدرا، تەواوکردنى هەنگاوە کردارییەکان بۆ بەستنى کۆنفڕانسى نیشتیمانى و خۆئامادەکردن بۆ قۆناغى داهاتو و ئەو ئەگەرە چاوەڕوانکراوانەى روبەڕومان دەبێتەوە.

 

 

 

 

 

 

 
 


ڕیکلام