قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە حسێن عەلی ساڵح ئەلفەزاڵە، کونسوڵی گشتیی قەتەر لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند بابەتێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە، ١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو، کونسوڵی گشتیی قەتەر سڵاوی محەمەد بن عەبدولرەحمان بن جاسم ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەری گەیاندە قوباد تاڵەبانی. لە بەرامبەردا جێگری سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵ و هەروەها پیرۆزبایی کردنەوەی کونسوڵخانەی قەتەری کرد لە هەرێم. هیوای خواست لە دوای کردنەوەی کونسوڵخانەوە، ئاستی پەیوەندییەکانی هەردوولا لە هەموو بوارەکاندا بەروەپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
لە تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی وەبەرهێنان لە کوردستان کرا. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا لە هەرێم دەرفەتی گەورە بۆ وەبەرهێنان لە بواری جیاوازدا هەیە و حکومەتی هەرێمیش کارئاسانی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەکات. داوایکرد کونسوڵی گشتیی قەتەر هانی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی بدات بۆ وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا بێنە هەرێمی کوردستان.
کونسوڵی قەتەر ئامادەیی دەربڕی بۆ هاندانی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی و ئاماژەی بەوەشدا لە کۆتایی ئەمساڵدا وەفدێکی بازرگانی قەتەر سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی بەربەستەکانی بەردەم گەشەپێدانی کوردستان کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە رۆئیایەکی هاوبەش و گشتگیر هەبێت بۆ گەشەپێدانی ئابوری. هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران داوای کرد قەتەر هاوکاری هەرێم بکات لە گواستنەوەی ئەزمونی خۆیان سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ سەرچاوە و توانا مرۆییەکان بۆ پێشخستنی وڵات لە بوارە جیاوازەکاندا. لەمبارەیەشەوە کونسوڵی قەتەر ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری کردنی هەرێم دەربڕی.
لە دواین بەشی کۆبوونەوەکەدا باسی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری و گەشتوکاڵ کرا. هەردوولا هاوڕابوون هەرێمی کوردستان دەتوانێت شوێنێکی گونجاوبێت بۆ گەشتیارانی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەش، لەوانەش گەشتیارانی قەتەری.
سەبارەت بە هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێم بۆ دەرەوەش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا بازاڕی گرنگی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی کوردستان ناوچەکانی دیکەی عێراقە. بەڵام لە پاڵ بازاڕی ناوخۆی عێراقدا، گرنگی بە هەناردەکردنی بەرهەمەکان بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش دەدەین.