پەروەردەی سلێمانی سەبارەت بە پڕۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ روونکردنەوە دەدات

  2023-11-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند، کەمکردنەوەی پڕۆگرام یان درێژکردنەوەی ماوەی ساڵی خوێندن دوو ئەگەرن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خوێندنی ئەمساڵ.

ئەمڕۆ دووشەممە، عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکدا ئەوەی خستەڕوو، "پشتیوانیمان لە داواکارییەکانی مامۆستایان کردووە و پەیامەکانیان گەیشتووەتە حکومەتی هەرێم و عێراق، لە هەمان کاتیشدا ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەر بە خوێندکاران و پڕۆسەی خوێندن و پشتیوانی لەوانیش دەکەین".

سەبارەت بە پڕۆگرامی خوێندن دەشڵێت، دوو بژاردە لەبەردەم پەروەردەدایە، یەکەمیان ئەگەری کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندن و دووەمیشیان ئەگەری درێژکردنەوەی ساڵی خوێندنە.

وتیشی، ئەگەری یەکەمیان بەهێزترە، چونکە بەدرێژکردنەوەی ماوەی ساڵی خوێندن، دەوام دەچێتە هاوینەوە.

ماوەی دوو مانگە ساڵی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، بەڵام دەوام لە خوێندنگەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین و کۆیەی سەر بە هەولێر دەستیپێنەکردووەتەوە.

هەرچەندە دەبوو ئەمڕۆ دووشەممە بە بڕیاری پەروەردەی سلێمانی دەوام دەست پێبکاتەوە، بەڵام بایکۆتی مامۆستایانی ناڕازی بەردەوام بوو.


ڕیکلام