یەکەمین ھاکەسۆنی پلاتفۆرمی سمارت سولی Smart SULI دەستیپێکرد

  2024-01-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، یەکەمین ھاکەسۆنی پلاتفۆرمی سمارت سولی Smart SULI دەستیپێکرد

لە کۆبوونەوەی راگەیاندنی ھاکاسۆنی پلاتفۆرمی سمارت سولی (Smart Suli city solutions Hakathon ) کە لە شاری سلێمانی و بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیا و پسپۆڕان و بەڕێوەبەرانی تەندروستی سلێمانی بەڕێوەچوو، چەندین تێبینی و پێشنیاز بۆ پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و داتا و زانیارییەکان و دەوڵەمەندترکردنی پلاتفۆرمی سمارت سولی خرانەڕوو، کەیەکەمین چالاکی تایبەت کرا بە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی سیستمی تەندروستی لە شاری سلێمانی.

دوای روونکردنەوەی کێشەکانی سیستمەکە لەلایەن دکتۆر عەبدولفەتاح حەمەڕەحیم ھەورامییەوە، بەشداربووانی ھاکەسۆنەکە بەسەر چەندین گروپ دابەشکران تا لە ماوەی ١٠ رۆژدا پڕۆژەکانی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی تەندروستی سلێمانی پێشکەش بکەن، دواتر و لەلایەن لیژنەی دادوەرانەوە چوار پڕۆژە دەستنیشان دەکرێن بۆ بەشداریکردن لەپێشبڕکێی کۆتایی کە بڕیارە رۆژی ٢٥ ئەم مانگە لە چوارچێوەی کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیدا پێشکەش بکرێن.

پلاتفۆڕمی سمارت سولی دەستپێشخەرییەکی نوێی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە، کە لە رێی بەشداریکردنی ھاوڵاتییان و کەسانی پسپۆڕەوە چارەسەر بۆ کێشەکانی شار دەدۆزرێتەوە لەپێناو باشتر خزمەتکردنی ھاوڵاتیان لەڕێگای بەیەکەوە کارکردن و چارەسەرە زیرەکەکان و داتا و تەکنەلۆجیای زیرەک و بەستنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەیەکەوە کە ئەمەش سلێمانی دەکاتە شارێکی پێشەنگ لەداھێنان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق.


ڕیکلام