پارێزگای ههولێر روونكردنهوهیهكی لهبارهی بڕیاری دابهزاندنی نرخی نان و سهموون له ههرێمی كوردستان بڵاو كردهوه و تێیدا ئاماژهی بهوهدا، بڕیاردرا وەک پاڵپشتى و هاوکارییەک بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان، لەمەودوا نرخى هەر لیترێک غاز 50% داشکاندنى بۆ بکرێت و هەروەها دابینکردنى ئارد بە نرخى (30 هەزار دینار) بۆ هەر فەردەیەک و لەگەڵ کڕینى هەر تەنێک ئارد، فەردەیەک ئاردیان بە خۆڕایى پێبدرێت و لەپێدانى کارەباش پاڵپشتیان دەکرێت.
پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دوابەدواى فەرمانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، لەپێناو بەرژەوەندى گشتیى بە تایبەتى چینى هەژار و کەمدەرامەتان و یەکخستنى نرخى نان لە سەرجەم پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان، کە (10) نان و سەموون بکرێت بە هەزار دینار، بڕیاری پێویست وەرگیراوە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى بڕیارەکە و پابەندکردنى سەرجەم سەموونخان و نانەواخانەکان، رۆژى یەکشەممە، لە قایمقامیەتى ناوەندى هەولێر بە سەرپەرشتى قایمقام و ئامادەبوونى بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى هەرێم و بەڕێوەبەرى چاودێرى دارایی هەولێر و نوێنەرى سەندیکاى کرێکاران و ئەنجوومەنى نانەواخانە و خاوەنى بەشێک لە سەموونخانە و نانەواخانەکان کە نوێنەرایەتى نزیکە (1800) نانەواخانە و سەموونخانەى شارى هەولێریان دەکرد کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا".
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا وەک پاڵپشتى و هاوکارییەک بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان، لەمەودوا نرخى هەر لیترێک غاز 50% داشکاندنى بۆ بکرێت و لەڕێگەى لیژنەیەکەوە کە لە قائیمقامیەت و چاودێرى بازرگانى و نوێنەرى خاوەن نانەواخانەکان پێکهاتووە، بەپێى پێویست ڕۆژانە بە زیادەوە بە بڕى (300 دینار) بۆ هەر لیترێک غازیان بۆ دابین بکرێت، کە خۆیان پێشتر بە (600 دینار) بۆ هەرلیترێک غازیان کڕیووە.
هەروەها دابینکردنى ئارد بە نرخى (30 هەزار دینار) بۆ هەر فەردەیەک و لەگەڵ کڕینى هەر تەنێک ئارد، فەردەیەک ئاردیان بە خۆڕایى پێبدرێت و لەپێدانى کارەباش پاڵپشتیان بکرێت، هەر ئەمڕۆش تەواوى ئەم بڕیارانە چوونە بوارى جێبەجێکردنەوە و هەموو لایەکیش رەزامەندى و پابەندبوونى خۆیان بەبڕیارەکە راگەیاندووە، لە هەولێر نرخى هەر (10) نان و سەموونێک بە یەک هەزار دینار بێت.
لێرەوە بە پێویستى دەزانى بۆ راى گشتیى و هاوڵاتییانى خۆشەویستى شارەکەمان روونى بکەینەوە وەکو پارێزگاى هەولێر و حکومەتى هەرێمى کوردستان هەموو هەوڵێکمان بۆ رەخساندنى دەرفەتى کار و زەمینەسازیی بووە بۆ کار و کەسابەتى کاسبکاران و لەو پێناوەشدا هەرچى لە تواناماندابووبێت بۆ خزمەتکردنى چینى کاسبکارى شارەکەمان کردوومانە و دەیکەین.
جەختیکردووەتەوە، "لە شارى هەولێر نرخى هەر (10) نان و سەموون بە (1 هەزار دینار) و هەر سەموونخانەیەک و نانەواخانەیەکیش پابەندى بڕیارەکە نەبێت رووبەڕووى رێکارى یاسایی دەبێتەوە"