​هەرکەسێک لەسەر ڕێگای دەرەوەی شار گۆشت بفرۆشێت دەستگیردەکرێت

  2024-01-11  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهۆی هەرزانی نرخەکەیەوە گۆشت لەسەر ڕێگاکانی دەرەوەی شار دەفرۆشرێت و قایمقامی هەولێریش هۆشداری دەدات لە دەستگیرکردنی ئەو فرۆشیارانە.

هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر سەبارەت بەو گۆشتەی لەسەر شەقام دەفرۆشرێت ڕایگەیاند: هەر گۆشتێک کە لە بازاڕ دەفرۆشرێت، پێویستە لە کوشتارگەکانەوە بێتە دەرەوە و مۆری لێدرابێت، بەڵام ئەم جۆرە گۆشتە هیچ مۆرێکی لێ نەدراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، گۆشتی سەر شەقام یان ئەوەتا لە دەرەوە هێنراوە یانیش ئاژەڵی نەخۆشە.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر رایگەیاند، لیژنەکانی قایمقامیەت بەردەوام چاودێری ئەم حاڵەتانە دەکەن، هەر کەسێک گۆشت لەسەر شەقام بفرۆشێت لەلایەن لیژنەکانەوە دەست بەسەر هەموو کەرەستەکانیدا دەگیرێت و خۆشی دەستگیر دەکرێت.

دیاردەی فرۆشتنی گۆشت لەسەر شەقام چەندین ساڵە بوونی هەیە و هاوکات هاووڵاتییان نیگەرانن لە سەلامەتی و تەندروستبوونی ئەو گۆشتەی دەفرۆشرێت، بەڵام نرخەکەی هەرزانترە لەناو بازاڕ ئەمەش وایکردووە کەسانێک هەبن کە بیکڕن.
 


ڕیکلام