کازم فەییاز: داوامان کردوە بابەتەکانی ناو سەبەتەی خۆراکیی بۆ ٢٠ بڕگە زیادبکرێت

  2024-02-19  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی لیژنەی ئابوریی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: بەهۆی خراپی گوزەرانی خەڵکەوە داواکارییەکمان ئاراستەی حکومەت کردوە بۆئەوەی بابەتەکانی ناو سەبەتەی خۆراکیی بۆ ٢٠ بڕگە زیادبکرێت.

کازم فەییاز ئەندامی لیژنەی ئابوریی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: سەبارەت بەبابەتەکانی سەبەتەی خۆراکی‌و ئەو زیادکردنەوەی بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەکرێت، پێشتر بۆ حکومەت جەختیان لەوەکردەوە کە نزیکەی ٧٥%ی خەڵکی عێراق لەسەر کۆبۆنی خۆراک دەژین سەرەڕای ئەوەی چینی دەسەڵاتدار بژێویان لەگەڵ هاوڵاتیان جیاوازە.

هەروەک دەڵێت:"داوامانکردوە متمانەی گەل بەحکومەت بگێڕدرێتەوەو مادەکانی ناو سەبەتەی خۆراکیی زیادبکرێت، بەشێوەیەک لە ٢٠ مادەی کوالێتی باش کەمتر نەبێت‌و لەکاتێکی دیاریکراوی هەموو مانگێکدا دابەشبکرێت".

 لەبەشێکی تری قسەکانیدا دەڵێت: گریمانە دەکرێت لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا مادەی جۆراوجۆر بۆ بەشەخۆراکی مانگانە زیادبکرێت، لەوانە گۆشت‌و خۆراکی وشکە، بەژمارەیەکی زیاترو بڕی زیاتر بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو ژیانی هاوڵاتییە بگونجێت کە ملیۆنان بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردوە، تائێستا هیچ وەڵامێکی ڕاستەقینەیان لەحکومەتەوە بەدەستنەگەیشتۆتەوە.


ڕیکلام