میدیای ئێران: توركیا رێگری دەكات لە رێكەوتنی هەرێم و بەغدا

  2020-07-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاژانسی میهری سەر بە حكومەتی ئێران رایگەیاند هەرێمی كوردستان لەماوەی ساڵانی رابردوودا یەك ملیار و 250 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی فرۆشتووە و دەڵاڵی نەوتەكەش لە ڕێی توركیاوە دۆزراوەتەوە.

میهر ئەوەشی وتووە "ئەم داهاتە زۆرەی هەرێمی كوردستان لە فرۆشتنی نەوت و چارەسەر نەبوونی كێشەی هەولێر و بەغدا لە سەر مەلەفی هەناردەی نەوت و داهاتەكەی بووەتە هۆی ئەوەی كە وڵاتێكی وەكوو توركیا بەرانبەر بەم سەروەت و سامانەی هەرێمی كوردستان دەستەوسان نەبێت و لە ماوەی یەك ساڵدا داهاتی 1 ملیار دۆلاری لە نەوتی هەرێمی كوردستان دەست كەوێت".

ئاماژەی بە گریبەستی 50 ساڵەی توركیا لەساڵی 2013 لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئێٍستای هەرێمی كوردستان كردووە، وەك بەرپرسی مەلەفی نەوتی بنەماڵەی بارزانی ناوی هێناوە. دەڵێت ئەو گرێبەستە "یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی ڕێكنەكەوتنی هەولێر و بەغدا لە سەر دۆسیەی نەوت. چونكە ئەگەر توركیا ڕێگە بدات هەرێمی كوردستان و بەغدا ڕێككەون داهاتی ساڵانەی توركیا لە نەوتی هەرێم كە ڕۆژ بە ڕۆژیش زیاتر دەبێت، لە دەستی دەردەچێت".

ئاژانسەكە رایگەیاندووە توركیا رێگری دەكات لە ڕێَكەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و دەشڵێت "هەرێمی كوردستان بۆ فرۆشتنی ڕاستەوخۆی نەوتەكەی پێویستی بە بەڕێوەبەر و دەڵاڵە كە بە یارمەتی توركیا ئەو كەسەی دۆزیوەتەوە و ئێستا كەسێكی بە ڕەچەڵەك پاكستانی بە ناوی مورتەزا لاخانی ئەو كارە بۆ بەرپرسانی نەوتیی هەرێمی كوردستان دەكات".

ئاژانسە ئێرانیەكە بە گێڕانەوەی لە ڕۆژنامەی بلۆمبێرگ دەڵێت "كەسێك بە ناوی مورتەزا لاخانی خەڵكی وڵاتی پاكستان دەڵاڵی بۆ نەوتی هەرێم دەكات و چەندین ملیارد دۆلار پارەی نەوتی هەرێم دەچێتە حیسابی ئەو و لە ڕێگای كۆمپانیاكانیەوە لە وڵاتی ئەمریكای، دەیگوازێتەوە بۆ هەرێم".

ئاژانسەكە روونیكردووەتەوە لاخانی پێش فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە ڕووس نەوتی ڕووسیا 800 ملیۆن دۆلار پارەی لە زۆریخەوە هێناوەتە نیۆیۆركی ئەمریكا و لەوێوە گواستوویەتیەوە بۆ لوبنان.   

پەیوەندی لاخانی لە گەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان زۆر نهێنیە و پەیوەندییەكی زۆر نزیكە و لە ڕێگای كۆمپانیای (ئای ئێم ئێم ئێس)ی ئەو دەڵاڵە پاكستانیەوە پارەی نەوتی كۆمپانیاكانی ڕووس نەوت ، ویتۆڵ و ترافیگۆرا و گاز پرووم كە هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكەن لە كەرتی نەوت و گاز دەگواسترێتەوە بۆ هەولێر و هەر ئەوە كە قەرزی ئەو كۆمپانیا نەوتیانە جێبەجێ دەكات و هەموو كارێكی ئەو دەیكات.

 ئەوشەی وتووە، تا ئیستا دیار نییە كە لاخانی لە ڕێگای ئەم دەڵاڵی كردنەوە چەندە پارەی لە نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ خۆی هەڵگرتووە و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هیچ زانیاریەك لەمبارەوە نادات و دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە لێڵی ماوەتەوە.


ڕیکلام