ئەمریکا ئەو هەژمارەی داخست کە داهاتی نەوتی عێراقی تێدا کۆکراوەتەوە

  2024-04-02  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بانکی ناوەندی عێراق ئاشکرای کرد، ئەمریکا ئەو هەژمارەی داخست کە تا ئێستا بە ڕێککەوتنێک پارەی نەوتی عێراقی تیادا پاراستبووە.

بەگوێرەی نوسراوێکی بانکی ناوەندی عێراق کە تایبەتە بەو هەژمارە بانکییەی عێراق لەبانکی فیدراڵیی ئەمریکا هەیەتی‌و داھاتی نەوتی تێدا کۆدەکاتەوە کە بەدۆلارە، دواتریش بەگوێرەی پێویستییەکانی خۆیی‌و بەگوێرەی ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا ئەو دۆلارە بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی بەکاردەهێنێت.

نوسراوەکە واژۆی عەممار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی لەسەرەو نوسیویەتی: ئەمریکا ئەو هەژمارەی داخستوە کە تائێستا داهاتی نەوتی عێراقی تێدا کۆکراوەتەوە، هەژمارەکە بەناوی (دی ئێف ئای)یە واتە سندوقی گەشەپێدانی عێراق لەساڵی ٢٠٠٣وە کاری پێدەکرێت‌و لەژێر چاودێریی‌و پاراستنی نەتەوەیەکگرتوەکان‌و ئەمریکادا بوە".

لەو ڕوەشەوە کامەران قادر پسۆری دارایی‌و بانک، ئاماژە بەوەدەکات؛ مەترسییەکە لەوەدایە نەمانی ئەو هەژمارە، بە واتای ئەوە دێت، چیدیکە داهاتی عێراق لەهەژمارە نوێکەدا کە ناوی (عێراق دوو)ە، وەکو پێشتر پارێزراو نابێت لەئەگەرێکدا کە ئەمریکا بیەوێت کێشە بۆ عێراق دروستبکات".

لەخاڵی دوەمی نوسراوەکەی بانکی ناوەندی عێراقدا ئاماژە بەوەشکراوە، عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی گرێبەستی هەبوە بۆ گواستنەوەی دۆلارەکانی لەئەمریکاوە بۆ عێراق، گرێبەستەکە بەشێوەیەک بوە کە عێراق بڕی ٤٤١ هەزار دۆلاری وەکو پارەی دڵنیایی داوەتە کۆمپانیاکەو کرێی گواستنەوەی هەر کاروانێکی دۆلاریش ٢١٦ هەزارو ٣١٠ دۆلار بوە.


ڕیکلام