بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەوڵەکانی یەکێتی لەپێناو پاراستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە

  2024-04-07  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە ڕایگەیاند: هەوڵەکانی یەکێتی هەمیشە لەپێناو پاراستنی ماف و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بووە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەلینا رۆمانۆسکی و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبوونەوە و دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە هەماهەنگیی و هاریکاریی زیاتری نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بەئامانجی زاڵبوون بەسەر کێشەکان و پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتدا.

لە کۆبوونەوەکەدا کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردن تاوتوێکران و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: هەر لەسەرەتاوە هەوڵەکانی یەکێتی لەپێناو پاراستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تێکەڵنەکردنی بە ململانێ سیاسییەکان بوو، کە دواجار بە هەوڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دادگای فیدراڵی و دۆستەکانی کورد توانرا ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.
‏‎
وتیشی، کاری لەپێشینەی ئێمە دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و شەرەفمەندانەیە بۆ خەڵکەکەمان و هەموو هەوڵێکیش لەو پێناوەدا دەدەین. وەکچۆن هیوادارین هەموولایەک بەهەمان رۆحییەتەوە کاربکەن و لەخزمەت بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکاندا بن.

‏‎لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانیش، بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی: رێز لە بڕیارەکان دەگرین و پابەندین بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، دەمانەوێت پرۆسەکە بەشێوەیەکی بێگەرد بەڕێوەبچێت و رەنگدانەوەی خواستەکانی هەموولایەک بێت.


ڕیکلام