قوباد تاڵەبانی:حکومەتی هەرێم قۆناغی زۆر پێشکەوتووی لە بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکاندا بڕیوە

  2024-05-29  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە چۆی سونگ سوو، باڵیۆزی کۆریای باشور لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا سەبارەت به پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی حکومەت و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا که رۆژی چوارشەمە ( 29ی ئایاری 2024) لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی کۆریای باشوری کرد بۆ هەرێمی کوردستان و هیوای خواست هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەت لە ڕووی گواستنەوەی ئەزمون و شارەزاییەوە لە بواری حکومەتی ئەلیکترۆنی بۆ کوردستان بەردەوام بێت.

باڵیۆزی کۆریای باشور هاوکاری و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێم دووپات کردەوە و ئامادەییشی دەربڕی بۆ هاوکاریکردن لە پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی حکومەتدا.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا حکومەتی هەرێم لەم ساڵانەی دواییدا بە پەشتبەستن بە گەنجانی لێهاتوو و داهێنەری کورد، قۆناغی زۆر پێشکەوتووی لە بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکانی حکومەتدا بڕیوە، وتیشی بەڵام هێشتا پێویستیمان بە هاوکاری وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک کۆریای باشور هەیە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند لەناو گەنجانی کورد کەسانی داهێنەری زۆر لێهاتوو لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و کارسازیدا هەڵکەوتوون، وتیشی ستراتیژ و پلانمان ئەوەیە زیاتر پەرە بە توانای گەنجانی داهێنەرمان بدەین و بەشدارییان بکەین لە دۆزینەوەی چارەسەری زیرەک بۆ کێشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان.

لەم چوارچێوەدا جێگری سەرۆک وەزیران داوایکرد کۆریای باشور هاوکاری هەرێم بێت لە پەرەپێدانی توانای گەنجانی داهێنەری کوردستاندا.


ڕیکلام