بافڵ جەلال تاڵەبانی: ڕاستکردنەوەی رێڕەو هاوسەنگی هێز و هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی دەربەست بکەینە واقیعی بەرجەستە

  2024-09-02  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە راگەیەندراوی کۆبووەکەدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گوتاری سەنگین و ڕاشکاویی یەکێتی سەبارەت بە راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە کوردستان کرا".

دەقی راگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان:

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گوتاری سەنگین و ڕاشکاویی یەکێتی سەبارەت بە راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە کوردستان کرا.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرەتا رووناکی خستەسەر رەوشی سیاسیی کوردستان و عێراق وە سیاسەتی یەکێتی لەبارەیانەوە، بەتایبەتیش ئەنجامی پەیوەندییە دیپلۆماسییە روو لە گەشەکردووەکانمان لە ئاستی عێراق و هەرێم و نێودەوڵەتیدا کە بۆتە مایەی دەسکەوتی گرنگ بۆ گەلەکەمان.

سەرۆکی یەکێتیی روونیکردەوە سەرکەوتنی یەکێتییەکەمان و گەلی کوردستان، بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری پێکەوەژیان و خزمەتگوزاری ئاوەدانی کەرکوک و بەشداری و شەراکەتمان لە ئیدارەی موسڵ سەرکەوتنێکی گەورەیە کە دەبێ کارێک بکەین ئەم رۆحی سەرکەوتنە سەرتاسەری کوردستان و عیراق بگرێتەوە. هەروەک جەختی کردەوە ئەم سەرکەوتنانە بەرهەمی یەکبڕیاری و یەکڕیزیمانە، پێویستە بە قازانجی گەلەکەمان و چاککردنی ژیان و گوزەرانیان بیخەینەگەڕ.

لەم بارەیەوە سەرۆک بافڵ موژدەی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دا کە سیاسەتی ڕاستکردنەوەی رێڕەو،  هاوسەنگی هێز و هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی دەربەست بکەینە واقیعی بەرجەستە.

کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هەروا گفتوگۆی وردی دۆخی ئێستای کوردستانی کرد، بەتایبەتی دواکەوتنی مووچە کە کاریگەری زۆری کردۆتەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان. کۆبوونەوە پەرۆشی خۆی بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دەربڕی و جەختی لە هاتنەسەرخەتی تیمی دانوستاندنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی کردەوە بۆ پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەربارەی ئەولەویەتی مووچە و تێکەڵنەکردنی لەگەڵ ململانێی سیاسییدا.

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە لە بارەگای  مەکتەبی سیاسیی لە هەولێر بەرێوەچوو، جەختی لە دابینکردنی کەشوهەوایەکی هێمن و مەدەنیانە کردەوە بۆ هەڵبژاردن کە هەموو لایەک بتوانێت بەرنامە و پەیامی  سیاسی خۆی بگەیەنێتە جەماوەر، بەتایبەتی لاوانی دەنگدەری تازە.

لەم بارەیەوە کۆبوونەوەکە پشتیوانی خۆی بۆ گیانی بەرزی یەکێتییانەی هاوڵاتیان لە هەولێر و لە هەموو کوردستان دەربڕی کە وەک هەمیشە ژیرانە و بەجۆش و خرۆشی حزبەکەی سەرۆک مام جەلال ئەم نەبەردییە دیموکراتییە  بەرپا دەکەن بۆ کۆتایی هێنان بە قۆرخکاری دەسەڵات و نوێکردنەوەی حوکمڕانی کە لەبەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکدا بێت بەبێ جیاوازی. ئاماژەشی بەوەکرد کە یەکێتی چاوی لە ململانێیەکی دیموکراسییە و لەم پێناوەشدا ئامادەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە و هەرگیزیش رێگا بە دەستبردن بۆ پیرۆزییەکانی یەکێتی نادات و بە هێڵی سووری دەزانێ.

کۆبوونەوە بە ویستی سەوزەوە هانی جەماوەری دا کە پێکەوە بەرەو سەرکەوتنی گەورەی یەکێتی لە کوردستان بڕۆین و متمانەی گەلەکەمان بەدەستبێنینەوە.