نوێنەرایەتییەک بۆ بنەماڵەی شەهیدانی ئیدارەی راپەڕین دروست دەکرێت

  2024-10-07  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لە درێژەی کۆبوونەوەکانی لە ئیدارەی راپەڕین، لەگەڵ بازنەی شەهیدان لە ئیدارەی راپەڕین کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیادرا نوێنەرایەتییەک بۆ بنەماڵەی شەهیدان لە ئیدارەی راپەڕین دروست بکرێت کە ئەو نوێنەرایەتییە راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی لە پەیوەندیدا دەبێت و قوباد تاڵەبانی خۆشی وەک ئەندامی فەخری ئەو نوێنەرایەتییە دیاری کرا. ئەرکی ئەو نوێنەرایەتییە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم بنەماڵەی شەهیدان دەبێت و راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی کار دەکەن.

هەر لەم چوارچێوەیەدا بڕیاریش درا ئەگەر ئەم نوێنەرایەتییە سەرکەوتوو بوو لە کارەکانی، لە داهاتوویەکی نزیکدا لە هەموو ناوچە و دەڤەرەکانی دیکەش نوێنەرایەتی هاوشێوە بۆ بنەماڵەی شەهیدان دروست دەکرێت کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی لە پەیوەندیدابن.

قوباد تاڵەبانی باسی لە پڕۆژەیەکی دیکەی یەکێتی کرد کە لە پەرلەمان و کابینەی داهاتوودا جێبەجێی دەکات، ئەویش دامەزراندنی منداڵانی شەهیدەکانە. وتیشی ئەم پڕۆژەیە بەبێ یەکێتییەکی بەهێز جێبەجێ ناکرێت.

هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا لەم کابینەیەدا بڕیاری دابەشکردنی یازدە هەزار پارچە زەوی دەرکرد، کەچی دواتر لە زۆربەی شوێنەکان کێشە بۆ جێبەجێکردنی دروست کرا.

وتیشی، نەتوانرا بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، چونکە یەکێتی لە حکومەتدا لاواز بوو، هەربۆیە ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ بەهێزکردنی پێگەی یەکێتی، تا بتوانێت ئەم بڕیارە و بڕیاری هاوشێوەی دیکە بۆ خزمەتکردنی خەڵک و بنەماڵەی شەهیدان جێبەجێ بکات و هیچ هێز و لایەنێک نەتوانێت کێشە لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیار و پڕۆژەکانی یەکێتیدا دروست بکات.