یەکێتی و پارتی رێککەوتن کۆبوونەوەکانیان بەردەوامبێت

  2024-11-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی هەردوو وەفدی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و رایانگەیاند، "هەردوو وەفدی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان".


بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی، لەکۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ١١ی ٢٠٢٤، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسلێمانی لەکەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، پێکەوە باسیان لەبابەتی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کورستان کرد و ئەگەر و ئامادەکارییەکانی چۆنییەتی کارکردن بەشێوازێک کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت. 

ئاماژەبەوەشدراوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە هەردوو وەفدی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان و هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی تریش.

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، سەبارەت بەدانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانیش کەبڕیارە ٢ی ١٢ بەڕێوەبچێت، هاوڕابوون لەبارەی گرنگی بوونی لێکتێگەیشتنی باش بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە.


ڕیکلام