کشتوکاڵی هەرێم: هەڵمەتێکمان بۆ دەستبەسەرداگرتنی مریشکی بەستووی هاوردەکراو دەستپێکردووە

  2020-07-20  | 
هەولێر
حسێن حەمە کەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا
فۆتۆ: ئەیوب ساڵح
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم رایگەیاند، هەڵمەتێکیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی مریشکی بەستووی هاوردەکراو دەستپیکردووە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، حسێن حەمە کەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لە ئێستادا نزیکەی هەزار و ٦٠٠ کێڵگەی پەلەوەری گۆشت، ١٧ پڕۆژەی دایکانەی جوجەلەی گوشت، یەک پڕۆژەی نژادی پەلەوەر، ٤٢ هەڵهێنەر، نۆ سەربڕخانە، ٣٦ کارگەی ئالیک، ١١ پڕۆژەی مریشکی هێلکە لەگەڵ دوو هەڵهێنەری دایکانە لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەم پڕۆژانە بەباشی و بە وزەی خۆیان کاربکەن دەتوانن نەک داخوازی خەڵکی  هەرێمی کوردستان دابین بکەن بەڵکو بەشێکی زۆریش بەرهەمی ناوخۆ، هەناردەی دەرەوە بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەنجومەنێکیان بۆ پیشەسازی پەلەوەر و چارەسەرکردنی کێشەی خاوەن پڕۆژەکان دروستکردووە.

راشیگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی٧ی٢٠٢٠، ئەنجومەنەکە کۆبووەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیک بڕیار دەرکراوە، یەکێک لەوانەش دەستبەسەرداگرتنی مریشیکی بەستووی هاوردەکراوە.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم روونیشکردەوە، ئامانج لەو بڕیارە رێگەگرتنە لە هاوردەکردنی هێلکە و مریشکی قاچاخە کە زیانیکی زۆر بە بەرهەمی ناوخۆ دەگەیەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش بە هاوکاری سەرجەم ئیدارەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی مریشیکی بەستووی هاوردەکراو دەستپێکردووە.

حسێن حەمە کەریم راشیگەیاند، بۆ یەکەم جار بۆردێکی باڵای پەرەپیدانی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان دروستبووە و ئەوان وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم هەوڵەکانیان چردەکەنە کە لە رێگەی ئەو بۆردەوە بڕیاری گونجاو بدرێت بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ و بەرەوپێشچوونی پیشەسازی پەلەور.




ڕیکلام