رۆژنامەیەکی بەریتانی نهێنی دواین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ سوریا ئاشکرا دەکات و دەڵیت، "وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئەسەدی وتوە، تاران لە دۆخێکدا نیە رێگەی پێدات هێز رەوانەی سوریا بکات بۆ پشتیوانی".
رۆژنامەی "فایناشناڵ تایمز"ی بەریتانی، لەزاری سەرچاوەیەکی ئێرانیەوە بڵاویکردووەتەوە: عەباس عێراقچی لەدواین سەردانەکەی بۆ دیمەشق، بە بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوی سوریای راگەیاندووە: تاران لە دۆخێکدا نیە رێگەی پێدات ھێز رەوانەی سوریا بکات بۆ پشتیوانی.
ئاماژەی بەوەشداوە: بەرپرسانی ئێران متمانەیان بە ئەسەد نەمابوو، پێیانوابوو بۆتە بارگرانی بەسەریانەوە، بەتایبەت دوای ئاڵۆزبونی پەیوەندیەکانی نێوانیان، بەهۆی تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی دیمەشق بە ئاشکراکردنی شوێنی سەرکردەکانی فەیلەقی قودس لە سوریا بۆ ئیسرائیل.
لەسەردانەکەیدا بۆ سوریا عێراقچی باسی لەوەشکردوە: تاران بیر لە رەوانەکردنی هێز دەکاتەوە بۆ سوریا ئەگەر دیمەشق داوای لێبکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەدواین لێدوانیدا وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئەسەد لە دیدارەکەیدا سەرسوڕمانی خۆی پیشاندابوو لەوەی سوپای سوریا هیچ بەرگرییەک ناکات.