وتەبێژی یەکێتی: بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسرور بارزانی کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدەن

  2025-01-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی یەکێتی زانیاری نوێ لەسەر کۆبوونەوە دووقۆڵیەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسرور بارزانی دەخاتەڕوو دەڵێت، "کۆبونەوەکە بۆ دیاریکردن و دابەشکردنی پۆستەکانی هەرێم نەبوە، هەروەها بەمنزیکانە کۆبونەوەیەکی دیکە لە نێوان هەردولادا ئەنجام دەدرێت".

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی  نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، "کۆبونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی تایبەت بوە بەدۆخی هەرێم و ناوچەکە، کە دۆخێکی هەستیارە و دەبێت لایەنەکان ئاست و سەقفی داواکاریەکان بگونجێنن لەگەڵ دۆخەکەدا و دەستیان سوک بکەن لە ڕێککەوتن، بۆیە کۆبونەوەکە ئەرێنی بوە".

ئاماژەی بەوەشکرد،  "لە کۆبونەوەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی، یەکێک لە بابەتەکان ئەوەبو هەوڵ بدرێت ژمارەی فەرمانبەران واقعی بیت و بگونجێت لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ بەغداد هەیە، هەروەها بیانو نەدرێت بە نەیارەکانمان، واتە پرسی موچە ئەوەندە نەبێتە پرسی میدیا و شەڕی ڕاگەیاندن، باشترە کارەکان ئاسان بکەین لەگەڵ یەکتردا".

لە درێژەی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمریکا، وتەبێژی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، "دیار نییە کۆبونەوەی داهاتو لە نێوان هەردولا کەی دەبێت، بەڵام کۆبونەوە بەمنزیکانە دەبێت، چاوەڕێین لیژنە فەنیەکە کارەکانی خۆیان تەواو بکەن و بیبەن بۆ کۆبونەوەی هاوبەش ھیوادارین ئەنجامی باشی هەبێت".

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە بڵاو بوونەتەوە کە کۆبوونەوەکە بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێی حکومەت بووە، سەعدی پیرە وتی، "لە بنەڕەتدا کۆبونەوەکە بۆ ئەو پرسە نەبوە، تەعریفکردنی پۆست و بەرپرسیارێتی لەلایەن لیژنەیەکەوە ئامادە دەکرێت، تیمی دانوستانی ھەردولا لەسەر پۆستەکان گفتوگۆ دەکرێت و یەکلا دەکرێتەوە".



ڕیکلام