جەعفەر پەناھی فیلمسازی ناودارو ناسراوی ئێرانی کە بۆ فیلمی «رووداوێکی سادە» بانگھێشتی کان کرابوو بەرزترین خەڵاتی ئەم فێستیڤاڵە سینەماییەی بەدەستھێنا.
ئەم دەرھێنەرە ئێرانییە لەو کاتەدا براوەی پەلکە خورمای زێڕینی حەفتا و ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی سینەمایی کان بوو کە بۆ یەکەمجار پاش نزیکەی ١٥ ساڵ لە قەدەغەی دەرچوونی لە وڵات بەھۆی پشتگیریکردنی خۆپیشاندەرانی جوڵانەوەی سەوزەوە، پێی لە فێستیڤاڵێکی دەرەوەی ئیران دەنێت.
ئەم دەرھێنەرە بە ھۆی فیلمە سەرنجڕاکێش و تۆڵەسێنەکەی بە ناونیشانی «رووداوێکی سادە» توانی بە گرنگترین خەڵاتی ئەم فێستیڤاڵە سینەماییە بگات.
ژولیێت بینۆش ئەستێرەی سینەمای فەڕەنسا ناوی جەعفەر پەناھی بە وەک براوەی خەڵاتی ئەمساڵ ناساند و کیت بلانشێتش خەڵاتەکەی پێشکەش کرد.
پەناھی سێ ساڵ لەمەوپێش لە ئێران زیندانی کرا و ماوەیەکیش دەستی بە مانگرتن کرد. ئەو لە ماوەی زیاتر لە پانزە ساڵی ڕابردوودا فیلمەکانی بە شاردراوەیی لە ئێران دروستکردووە، لەوانە فیلمی «ئەمە فیلم نییە» کە لە ژووری دانیشتنی خۆیدا بەرھەمی ھێنابوو، و فیلمی «تەکسی» کە بە تەواوی لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا تۆمارکراوە.
پاش ڕاگەیاندنی خەڵاتەکە، ئامادەبووانی ناو ھۆڵەکە بە ڕاوەستان و چەپڵە لێدان دڵخۆشییان دەر بڕی. پەناھی لەوپەڕی سەرسووڕمانییەوە دەستەکانی بەرزکردبووەوە، لەو کاتەدا کە ھێشتا دانیشتبوو، ڕێز و سوپاسی ئاراستەی دەوروبەر و ھاوکارەکانی کرد. لەسەر سەکۆکەشدا رووبەڕووی پێشوازی گەرمی سەرۆکی لیژنەی دادوەران، ژولیێت بینۆش بوویەوە؛ ئەکتەرێک کە لە ساڵی ٢٠١٠ دا ھەر لەم فێستیڤاڵەدا، ناوی پەناھی بەرزکردبووەوە لە پشتگیریکردنیدا، لەو کاتەی کە پەناھیلە ماڵەوە حوکمی بەند بوونی بەسەردا سەپێنرابوو.
پەناھی پاش وەرگرتنی خەڵاتەکە، بە گرنگیدانان بە داھاتووی ئێران وتی: «با پێکەوە یەکگرتوو بین. کەس نابێت پێمان بڵێت چ جلێک لەبەر بکەین، چ کارێک بکەین یان چی نەکەین.»
قسەکانی پەناھی ئازادیی پۆشاک لەو کاتەدا خراوەتە ڕوو کە بەرپرسانی بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵی کان، پێش دەستپێکی ئەم مەراسیمە لە ڕێنماییەکدا جەختیان کردبووەوە کە ڕووتی لەسەر فەرشی سوور قەدەغەیە و بۆ بەجێھێنانی مەراسیمی ئەم فێستیڤاڵە لەبەرکردنی جلی ڕووت و قەبارە گەورەکان بەھۆی ئەوەی جووڵەی میوانەکان تێکدەدات قەدەغەیە.
فیلمی پەناھی کە پاش پیشاندان لە کان لەلایەن (نیۆن)ەوە بۆ پەخشکردن لە ئەمریکای باکوور کڕدراوە، لەسەر بنەمای ئەزموونی زیندانی خۆی دروستکراوە. چیرۆکەکە باسی کۆمەڵێک زیندانیی پێشووە کە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدەرەکەیان لە زیندان دەبنەوە و تووشی بڕیارێکی سەخت دەبن لەبارەی تۆڵەسەندنەوە.
پەناھی وتویەتی کە بە پێچەوانەی سینەماکارەکانی دیکەی ئێرانی بە نیاز نییە لە تەراوگە بمێنێتەوە و بڕیاری داوە یەکشەممە بگەڕێتەوە تاران. ئەمەش لەو کاتەدایە کە ساڵی رابردوو، محەممەد ڕەسووڵۆف، دەرھێنەری دیکەی ئێرانی، لە ئێران ھەڵھات بۆ ئەوەی لە فێستیڤاڵی کان بەشداربێت و دواتریش ڕووی کردە ئەڵمانیا و لەوێ نیشتەجێ بوو.
لەم فێستیڤاڵەدا ھەروەھا خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەران بە درامە خێزانییە نەرویجییەکە بە ناوی «بەھای سۆزداری» بەرھەمی یۆاخیم ترییە بەخشرا. دەرھێنەرێک کە پێشتر بۆ فیلمی (خراپترین کەسی جیھان) ستایشکرا بوو.
فیلمی سیاسی بەرازیلی «ھۆکاری نھێنی» بەرھەمی کلبێر مێندۆنسا فیلیۆ دوو خەڵاتی وەرگرت: باشترین دەرھێنان بۆ فیلیۆ و باشترین ئەکتەری پیاو بۆ ڤاگنەر مۆرا.
خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن بە نادیا مێلیتی بۆ فیلمی «خوشکە بچووکەکە» بەخشرا؛ کە بۆ فیلمەکەی حەفسیە حەرزی رۆڵی نواندنی گێڕابوو.