نێردەی ئەمریکا پەیامێکی لەبارەی ڕووداوەکانی حەلەبەوە بڵاوکردەوە

  18   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا لەبارەی ئاڵۆزییەکانی حەلەب ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

تۆم باراک دەڵێت، ئەمریکا بەنیگەرانییەوە لەنزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود دەکات لە حەلەب و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن و پاراستنی ژیان و ماڵ و موڵکی خەڵکی مەدەنی لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی سێزدە مانگی ڕابردوودا، سوریا هەنگاوی مێژوویی بەرەو سەقامگیری و ئاشتەوایی نیشتمانی و ئاوەدانکردنەوە بە دوای دەیان ساڵ لە ململانێی وێرانکەردا ناوە. ئەو گفتوگۆ گرینگانەی کە ئەم هەفتەیە لەگەڵ نوێنەرانی ئیسرائیل ئەنجامدراون هەنگاوێکی سەرەکییە بەرەو ئاشتییەکی فراوانتری ناوچەکە، جەخت لەسەر پابەندبوونی یەکلاکەرەوەی سوریا دەکاتەوە بۆ شکاندنی ئەو توندوتیژی و ئازار و دڕندەیی کە زیاتر لە نیو سەدەیە میللەتەکەیان تووشی ئازار کردووە.

دەشڵێت، تەنیا لە هەفتەی رابردوودا، ئێمە لەسەروبەندی سەرکەوتنی کۆتاییهێنان بووین بە رێککەوتنی تێکەڵکردنەوەی 10ـی ئاداری 2025 لەنێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا. ئەو رێککەوتنە هێشتا دەکرێت جێبەجێ بکرێت.

تۆم باراک دەڵێت، ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشە ناوچەییە بەرپرسیارەکانمان ئامادەین بۆ ئاسانکاری هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەرفەتێکی نوێکراوی سوریا و گەلەکەی بۆ هەڵبژاردنی ڕێگای گفتوگۆ لەبری دابەشبوون.

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا دەشڵێت، "بانگەوازێکی بەپەلە ئاراستەی سەرکردایەتیی حکومەتی سووریا، هەسەدە، دەسەڵاتە خۆجێیەکان لە ناوچە کوردییەکان و هەموو لایەنە چەکدارەکان دەکەین: کارە دووژمنکارییەکان راگرن و دەستبەجێ گرژییەکان کەم بکەنەوە."


ڕیکلام