زیندانییەکی کوردی رۆژئاوای کوردستان لە ئێران ئازادکرا

  2020-07-27  | 
ورمێ
کەماڵ حەسەن ڕەمەزان سولو، بەندکراوی سیاسی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان
فۆتۆ: رێکخراوی هەنگاو
 تۆڕی هەواڵی ژیان
زیندانییەکی سیاسی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کە لە زیندانی ناوەندی ورمێ ڕاگیرابوو و مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەر بوو، ئازادکرا و گەڕاوەتەوە رۆژئاوای کوردستان.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کەماڵ حەسەن ڕەمەزان سولو، بەندکراوی سیاسی، دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی لە زیندانی ناوەندی ورمێ ئازادکراوە و بۆ زێدەکەی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان گەڕاوەتەوە .

کەماڵ حەسەن ڕەمەزان هەشت ڕۆژ لەمەوبەر لە زیندانی ورمێ  براوەتە دەرەوە و ساڵح نیکبەخت پارێزەری ئەو زیندانییە سیاسییەش هەواڵی ئازادکردنەکەی پشتڕاست کردووەتەوە .

کەمال حەسەن رەمەزان، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی شاری سرێکانی رۆژئاوای کوردستانە کە لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤، لەگەڵ دوو کەسی دیکەی خەڵکی ماکۆ لە نزیک شاری ورمێ دەستبەسەرکران .

ناوبراو یەک ساڵ دواتر لەلایەن قازی شیخلو بە ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران سزادرا. بە هۆی ئەوەی کە کەماڵ حەسەن ڕەمەزان سزاکەی قبووڵ کردبوو، سزاکەی بۆ حەوت ساڵ و شەش مانگ کەمکرایەوە .

دواتر و لە ساڵی ٢٠١٦دا کەمال حەسەن رەمەزان، بە تۆمەتی کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سوپای پاسدارانی ورمێ، بە شێوەی غیابی سزای لەسیدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، لەو دادگایەدا کەماڵ بە تۆمەتی ئەندامێتی پژاک و شۆڕشی چەکدارەنە دادگاییکرا و سزاکەی بەسەردا سەپێندرا .

ناوبراو دوای دەستبەسەرکرانی تاوەکو هەفتەی رابردوو، لە زیندانی ناوەندی شاری ورمی ڕاگیرابوو و لەو ماوەیەشدا چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتی ورمێ لێپێچینەوەی لەگەڵدا کراوە.



ڕیکلام