فرۆکە جەنگیەکانی توركیا دووجار بۆردوومانی شارباژێڕیان كرد

  2020-08-04  | 
بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیف
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە سنوری قەزای ماوەت نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووجار فرۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆردومانی سنوری گوندی گەڵاڵەیان لە شارباژێڕ كرد و قایمقامی قەزاكەش رایگەیاند زیانێكی زۆر بەر رەز و باخی گوندەكە كەوتووە.


كامەران حەسەن، قائیمقامی قەزای ماوەت بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: نیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا دووجار سنوری گوندی گەڵاڵەیان بۆردوومان كردووە و بەڵام ڕووداوەكە زیانی گیانی نەبووە. 

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە گەریلاكانی پەكەكە لەو ناوچەیە دوورن، باوەڕناكەین هەیچ گەریلایەك لەو ناوچەیە هەبووبێت، بەڵام ئاگركەوتووەتەوە بەشێك لە باخ و پووش و پاوەنی ناوچەكە سووتاوە و زیانی بۆ هەنگ و بنێشتی هاوڵاتیان هەبووە.
 
قایمقامی ماوەت ئەوەشی روونكردەوە ئاگرەكە تا ئێستا كۆنتڕۆڵ نەكراوە و  بەهۆی سەختی ناوچەكەوە تیمەكان ناتوانن كارەكانیان بە خێرایی ئەنجام بدەن. 

رۆژی 25ی حوزەیران لە بۆردومانێكی دیكەدا فرۆكە جەنگیەكانی ئەو وڵاتە لە سەیرانگای كونەماسی ئۆتۆمبێلێكیان بۆردوومانكرد و لە ئەنجامدا  شەش هاوڵاتی بریندار بوون و كەسێكیش كە گەریلای پارتی ژیانی ئازادی كوردستان بوو شەهید بوو. 

توركیا لە دوای دەستپێكردنی هێرشی بۆ سەر هەرێمی كوردستان لە رۆژی 15ی حوزەیرانەوە كە بە ئۆپراسیۆنی چنگی هەڵۆ بەناوی كرد چەند جارێكی هێرشی بۆ سەر ناوچەكانی سنوری شارباژێر ئەنجامداوە.